لەسەردانەكەی پوتیندا بۆ چین؛ مۆسكۆ و پەكین 40 یاداشتنامە ئیمزا دەكەن

عیراق 11:43 AM - 2026/05/19

ئەمڕۆ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا دەگاتە وڵاتی چین وبڕیارە 40 یاداشتنامە لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆكی وڵاتەكە ئیمزا بكات.

سەرۆكی روسیا، بۆ ماوەی دوو رۆژ لە چین دەبێت و لەگەڵ شی جین پینگ كۆدەبێتەوە. یوری ئوشاكۆڤ، یاریدەدەری سەرۆك كۆماری روسیا ئاشكرای كرد مۆسكۆ و پەكین، نزیكەی 40 یاداشتنامە لە سەردانەكەی ڤلادیمیر پوتین بۆ چین ئیمزا دەكەن.

رێوڕەسمی ئیمزاكردنی ئەم یاداشتنامانە لە كۆتایی دانوستانەكاندا بەڕێوەدەچێت، جگە لەوەش رێككەوتن كراوە كە 21 یاداشتنامەیان بە ئامادەبوونی هەردوو سەرۆك ئیمزا بكرێت و یاداشتنامەكانی تریش لە رێوڕەسمەكەدا رادەگەیەنرێن.

هەردوو سەرۆك واتا "ڤلادیمێر پوتین و شی جین پینگ" راگەیەندراوێكی هاوبەش لەسەر بەهێزكردنی كاری پێكەوەیی، هەمەلایەنە و ستراتیژی ئیمزا دەكەن، كە تەئكید لە قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی دراوسێیەتی، دۆستایەتی و هاوكاری نێوان مۆسكۆ و پەكین دەكاتەوە.

یوری ئوشاكۆڤ، یاریدەدەری سەرۆك كۆماری روسیا ئەوەیخستەڕوو، هاوبەشی نزیكی روسیا و چین لە دۆخی ئێستای نێودەوڵەتیدا گرنگییەكی تایبەتی هەیە و سیمایەكی سەقامگیركەری دەبێت.

موسكۆ و پەكین هەماهەنگییەكانیان لەناو نەتەوە یەكگرتووەكان، گرووپی بریكس، گرووپی 20 و پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەكانی تر بەهێزتر دەكەن. هەروەها بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی لەناو رێكخراوی هاوكاری شەنگەهای. روسیا بە تەواویش پشتگیری لە سەرۆكایەتی چین لە هاوكاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو