دەم پارتی: وەفدی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان دەكات

عیراق 11:35 AM - 2026/05/19

وتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، وەفدی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە دوورگەی ئیمراڵی  دەكات و داوا لە پەرلەمانی توركیاش دەكات شێوازێكی نوێ‌ بۆ ئاشتی دابڕێژێت.

ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان "دەم پارتی" لەبارەی هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی رایگەیاند، داواكاری كۆمەڵگە بۆ ئاشتی بەهێزە، بەڵام متمانە بە پرۆسەكە لاوازە، چونكە كۆمەڵگە دەیەوێت ئاشتی بەدیبهێنرێت، بەڵام بە ئاشكرا خاوبوونەوە لە پرۆسەی ئاشتی بەدیدەكرێت.

لەبارەی لێدوانی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا لە سەر ئاشتی وتەبێژەكەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەكرد، ئەردۆگان وتویەتی پرۆسەكە بەردەوامە و كۆمیسیۆنەكەی پەرلەمانیش نیشاندەری ئەو راستییەیە، بەڵام كاتێك هەنگاوی یەكلاكەرەوە نەنرێت، خەڵك نیگەران دەبێت.

وتیشی، لە چەند رۆژی داهاتوودا وەفدی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی (پەكەكە) لە دوورگەی ئیمراڵی دەكات و لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە پەرلەمانی توركیا دەكەن شێوازێكی نوێ بۆ ئاشتی دابڕێژێت وە دەبێت ئۆجەلانیش لە هەلومەرجێكی ئازاددا پرۆسەكە بەڕێوەببات.

دوێنێ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە)، نەخشەڕێگەیەكی نوێی بۆ پرۆسەی ئاشتی خستەڕوو. باخچەلی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی توركگون تەئكیدی لەوە كردەوە كە بۆ بەردەوامبوونی كاریگەریی عەبدوڵا ئۆجەلان بەسەر رێكخراوەكەیدا و بۆ دەستەبەركردنی ئاشتییەكی بەردەوام، پێویستە پێگەیەكی یاسایی و سیاسی بۆ دیاری بكرێت، چونكە نەبوونی پێگەیەكی ڕوون بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان ، پرۆسەكە ئاڵۆز دەكات و ئەگەری هەوڵدانی تێكدەرانە زیاتر دەكات. وتیشی: پێویستە ئۆجەلان مافی چاوپێكەوتنی میدیایی و ئەنجامدانی دیدارو گفتووگۆی فراوانی هەبێت.

باخچەلی ئاماژەی بەوەشكرد كە پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغێكی هەستیار، بەڵام كەموكوڕی لە پەیوەندییەكاندا هەیە و پێویستی بەم نەخشەڕێگە نوێیە هەیە.
لەو سۆنگەیەوە،  باخچەلی ڕایگەیاند كە پێویستە دامەزراندنی میكانیزمی هاوئاهەنگی سیاسی وەك پێگەیەكی گونجاو بۆ ئۆجەلان پەیڕەو بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو