سەرۆكی ئەمریكا لە نوێترین پەیامیدا لەسەر پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ پلانێك ئاشكرادەكات و دەڵێت، بڕیاربووە ئەمڕۆ سێشەممە، هێرشەكانیان بۆسەر ئێران دەستپێبكەنەوە، بەڵام وڵاتانی كەنداو بوونەتە نێوەندگیر و بۆ ماوەیەكی كاتی پلانەكەیان وەستاندووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تروس سۆشیاڵ دەڵێت، لەلایەن تەمیم بن حەمەد ئەمیری قەتەر و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە و محەمەد بن زاید سەرۆكی دەوڵەتی ئیمارات، داوام لێكراوە كە ئەو هێرشە سەربازییەی بۆ سەر ئێران پلانمان بۆ داڕشتبوو وە بڕیاربوو (رۆژی سێشەممە) ئەنجام بدرێت، رایبگرم.
لەبارەی هۆكاری راگرتنی هێرشە سەربازییەكە ترەمپ دەڵێت، ئێستا دانوستاندنێكی جددی بەڕێوەدەچێت و بە بڕوای ئەوان "واتە سەركردەكانی كەنداو"، وەك سەركردە و هاوپەیمانێكی گەورە، رێككەوتنێك دەكرێت كە بۆ ئەمریكا و سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەشی جێگەی قبووڵكردن بێت. تەئكیدیش لەوە دەكاتەوە، خاڵی هەرە گرنگی ئەو رێككەوتنە ئەوە دەبێت كە ئێران هیچ چەكێكی ئەتۆمیی نابێت..
سەرۆكی ئەمریكا دەشڵیت، لەبەر رێزم بۆ ئەو سەركردانەی ناویان هاتووە، فەرمانم بە پیت هێگسێس وەزیری جەنگ، جەنەڕاڵ دانیێل كەین سەرۆكی دەستەی سوپاسالارە هاوبەشەكان و سوپای ئەمریكا كردووە، كە (رۆژی سێشەممە) ئەو هێرشە نەكەن.
هاوكات ترەمپ هۆشدارییەكی تووند دەداتە ئێران و دەڵێت، فەرمانیشم پێكردوون كە لە ئامادەیی تەواودا بن بۆ دەستپێكردنی هێرشێكی گەورە و بەرفراوان بۆ سەر ئێران لە هەر ساتێكدا بێت، ئەگەر نەگەینە رێككەوتنێكی قبووڵكراو.