لێپرسراوێكی ئێران، زانیاریی ورد لەسەر برینداربوونی موجتەبا خامنەیی، رابەری نوێی ئێران ئاشكرا دەكات، كە لە یەكەم رۆژی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیلدا لە 28 شوباتی ئەم ساڵ تووشی بوو.
ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا)ی ئێران لە زاری حسێن كرمانپوور، بەڕێوەبەری ناوەندی پەیوەندییە گشتییەكان و راگەیاندن لە وەزارەتی تەندروستی وڵاتەكەیەوە بڵاویكردەوە، موجتەبا خامنەیی لە یەكەم رۆژی شەڕەكەدا بریندار بووە و یەكسەر دوای رووداوەكە بۆ نەخۆشخانەی سینا لە تاران گواستراوەتەوە.
ئەو لێپرسراوەی ئێران روونی كردەوە، موجتەبا خامنەیی، دوای كوژرانی عەلی خامنەیی باوكی لە هێرشەكەدا پۆستەكەی ئەوی وەرگرتووە، تەئكیدی لەوەشكردەوە، موجتەبا خامنەیی تووشی هیچ برینێكی سەخت نەبووە، بەڵكو تەنها چەند برینێكی سوكی هەبووە و لەو جۆرە نەبووە كە دەموچاوی بشێوێنێت یان ببێتە هۆی كەمئەندامی هەمیشەیی.
كرمانپوور وتی، برینەكانی رابەری باڵا بە چەند تەقەڵێك چارەسەر كراون و ئاماژەی بەوە كرد، ئەو بەشەی لەو ساتەدا تەقەڵی لێدراوە قاچی بووە. لەسەرەتای ئەم هەفتەیەشدا، مەزاهیر حوسێنی بەڕێوەبەری گشتی رێوڕەسمەكان لە نووسینگەی رابەری باڵا رایگەیاند، خامنەیی بە باشی لە برینەكەی چاكبووەتەوە وە روونی كردەوە كە "قاچی و خوارەوەی پشتی بە سوكی بریندار بوون. دووپاتیشی كردەوە، برینەكە بەرەو چاكبوونەوە دەچێت، وە لە كاتی گونجاودا لەگەڵ هەمووان قسە دەكات".
لەلایەكی ترەوە، تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریكی، هەفتەی رابردوو بڵاوی كردەوە، موجتەبا خامنەیی بەهۆی ئەو هێرشەی كە ئەمریكا و ئیسرائیل كردیانە سەر شوێنی عەلی خامنەیی رابەری پێشوو، تووشی سووتان و برینداری بووە.
لە 28ی شوباتەوە موجتەبا خامنەیی دەرنەكەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە قسە و باس لەسەر تەندروستی ناوبراو و رۆڵی لە سەركردایەتی ئێراندا دروست ببێت.
یەكێك لە سەرچاوەكان دەڵێت، كە "بەشێك لە نا دڵنیایی سەبارەت بە هەرەمی دەسەڵات لە ئێراندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خامنەیی هیچ ئامێرێكی ئەلیكترۆنی بۆ پەیوەندیكردن بەكارناهێنێت و تەنها لەگەڵ ئەو كەسانەدا كارلێك دەكات كە دەتوانن راستەوخۆ سەردانی بكەن، یان لە رێگەی گواستنەوەی نامە بەهۆی كەسانێكەوە.