فارس نیوز: كێبڵەكانی ئینتەرنێتی گەرووی هورمز لە ژێر دەسەڵاتی تاراندان گەنجینەیەكی 10 ترلیۆن دۆلاری لە بنی گەرووی هورمز دایە و لە ژێر سەروەری رەهای ئێراندایە.
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی،راپۆرتێكی بە ناونیشانی، گەنجینەیەكی 10 ترلیۆن دۆلاری لە بنی گەرووی هورمز بڵاوكردەوە،لە راپۆرتەكەدا هاتووە ، دوای ئەوەی ئێران بە جێبەجێكردنی مافە سەروەرییەكانی لە ئاوە خاكییەكانیدا كۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزی وەرگرتەوە، پرسیارێكی نوێی یاسایی و تەكنیكی دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە ئێران تا چەند شەرعیەتی خۆی هەیە بۆ سەپاندنی سەروەری خۆی بەسەر ئەو كێبڵە فایبەر ئۆپتیكانەی كە لە ژێر ئەم رێڕەوە گرنگەدا تێدەپەڕن.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، رێككەوتننامەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1982 سەبارەت بە یاسای دەریاكان، سەروەرییەكی تەواو بەسەر بنی دەریا و ژێر خاكی ئێران لە ماوەی 12 میلی دەریایی لە كەناراوەكانییەوە بەخشیوە.
بە سەرنجدان بەوەی كە گەرووی هورمز تەنها 21 میلی دەریایی پانایی هەیە، تەواوی ئاو و بنی دەریا و ئاسمانی دەكەونە ناو ئاوە خاكییەكانی ئێران و عومانەوە. لە ناو گەرووی هورمزدا یەك سانتیمەتر ئاوی ئازاد یان ناوچەی ئابووری تایبەت نییە.
بۆیە تیمی یاسایی ئێران دەڵێن، ئەو كێبڵە جێگیرانەی كە بەدرێژایی بنی دەریای گەرووی هورمزدا دەڕۆن، ناچنە ژێر چەمكی ڕێگەی ترانزێت بۆ كەشتی و فڕۆكەكان، بەڵكو بەكارهێنانی هەمیشەیی بنی دەریا بە مەرجی مۆڵەت و چاودێری ئێران پێكدەهێنن.
بەپێی ئەم لێكدانەوەیە، هەر كیلۆمەترێك لە كێبڵی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی (گوگڵ، مایكرۆسۆفت، ئەمازۆن، مێتا و ئەوانیتر ) كە لە بنی دەریای گەرووی هورمز دابنرێت، پێویستی بە مۆڵەتی ئێران دەبێت، دەبێتە ملكەچی چاودێری تەكنیكی و ئەمنی و پێدانی پارەی سەروەری، هاوشێوەی چۆنیەتی مامەڵەكردنی وڵاتانی تری ژێرخانی تەكنەلۆژی لە بەزاندنی خاكەكانیان.
جگە لەوەش، رێبازە یاساییەكانی ئێران هاندەری ڕەچاوكردنی كرێی زیادە بۆ خزمەتگوزارییەكانی وەك سەلامەتی كەشتیوانی، پاراستنی ژینگەی دەریایی و بەستنەوەی كۆمپانیا بیانییەكانی چاككردنەوە بە كرێكارانی ناوخۆیی لە ژێر سەروەری ئێراندایە.
لە ڕووی كردارییەوە ئەو شیكارییەی كە ئاژانسی هەواڵی فارس لە ڕاپۆرتەكەیدا بە ناونیشانی: گەنجینەیەكی 10 ترلیۆن دۆلاری لە بنی گەرووی هورمز بڵاویكردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەكات ،ئێران وەك دەوڵەتی كەنار دەریا كە گەرووی هورمز بەڕێوەدەبات، دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ كێبڵی ژێردەریاییەكاندا بكات و ئەم دیجیتاڵییە بكاتە ئامرازێكی ستراتیژی بۆ ئابووری و نێودەوڵەتی دانوستان.