باڵیۆزخانەی ئێران لە باشووری ئەفریكا وەڵامی هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ سەر وڵاتەكەیان ،بە بەراورد كردنی هەڕەشەكانی ساڵی 1980 ی سەدام حسێن بۆ سەر تاران دەداتەوە.
باڵیۆزخانەكە وێنەیەكی لەسەر پلاتفۆرمی ئێكس لە كاردانەوە بە لێدوان و هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆك كۆماری ئەمریكا بڵاوكردەوە و بەراوردی كرد بە هەڕەشەكانی سەدام حسێن پێنجەم سەرۆك كۆماری عیراق لە دژی تاران.
باڵیۆزخانەكە لەسر وێنەكان لێدوانێكی ترەمپ و سەدامی داناوە و نوسیوێتی ساڵی 1980 سەدام وتی: سێ رۆژی تر تاران داگیر دەكەم، ساڵی 2026 یش ترەمپ وتی دوای سێ رۆژ هەموو شتێك كۆتایی دێت.باڵیۆزخانەكە تەئكیدی لەوە كردەوە كە وەهمێكی شكستپێهێنانی ئێران تا ئێستاش خەونێكی بەدینەهاتووە ، روونیشیكردەوە ئەوەی سەدام حسێن نەیتوانی بەدەستی بهێنێت، ترەمپ بەدەستی ناهێنێت.
پێشتر ئەكسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمریكا بڵاوی كردەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆك كۆماری ئەمریكا سبەینێ رۆژی سێشەممە ، لە ژووری بارودۆخی كۆشكی سپی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی خۆی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێكردنی بژاردە سەربازییەكان لە ژێر رۆشنایی پەرەسەندنی گرژییەكان لەگەڵ ئێران.
هاوكات ئیبراهیم رەزایی وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند،فەرمان دەرچووە لە ئەگەری هێرشی زەمینی، نابێت هیچ سەربازێكی ئەمریكی بە زیندووی بمێنێتەوە.