هاوسەرۆكی دەم پارتی: ئاشتی بە تاكلایەنە سەرناگرێت

عیراق 01:13 PM - 2026/05/17

توركیا هەنگاوی نەناوە  تونجەر باكرهان، هاوسەرۆكی دەم پارتی ڕەخنە لە بێدەنگیی دەسەڵات دەگرێت و داوای ئازادكردنی زیندانییە سیاسییەكان و لابردنی قەیوومەكان دەكات بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی.

باكرهان، لە ڕێپێوانی "لەپێناو ئاشتی هەنگاو بنێ" لە ئەنكەرە ڕایگەیاند، لەو پرۆسەی ئاشتییەی كە لە كۆتایی 2024ـەوە دەستیپێكردووە، تەنیا لەلایەن كوردەوە هەنگاو نراوە. باكرهان ڕەخنەی لە دەسەڵات و دەوڵەت گرت كە تاوەكو ئێستا هیچ هەنگاوێكی كردەییان نەناوە و تەئكیدی كردەوە كە ئاشتی بە هەنگاوی یەكلایەنە سەرناگرێت.

هاوسەرۆكی پارتی دەم ئاماژەی بەوە كرد، لە كاتێكدا لە ڕاپۆرتەكەی پەرلەماندا باس لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستووریی توركیا دەكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا سیاسییەكانی كورد وەك دەمیرتاش، یوكسەكداغ، نازمی گویلەر و لەیلا گویڤەن لە زینداندان.

باكرهان پرسیاری ئەوەی كرد بۆچی سەرەڕای ئاماژەدان بە لابردنی قەیوومەكان لە ڕاپۆرتەكەدا، هێشتا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكراوە. باكرهان تەئكیدی لەوە كردەوە كە ئاشتی پێویستی بە بوێری و دڵسۆزی هەیە و كاتی ئەوە هاتووە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان باشبكرێت.

ناوبراو ڕایگەیاند كە تێناگەن دەسەڵات بۆچی كات بەفیڕۆ دەدات و چاوەڕێی چییە بۆ دەستپێكردنی هەنگاوەكان، چونكە بە گوتەی ئەو، ئاشتی ڕاستەقینە ئەوەیە كە كورد بتوانێت بە زمان و ناسنامەی خۆیەوە بژی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو