كەنەدا هەوڵدەدات پەیوەندی بەرگری لەگەڵ وڵاتانی جەمسەری باكووری ئەوروپا بەهێزتر بكات ،لەژێر ڕۆشنایی هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ لكاندنی گرینلاند بە ئەمریكاوە و كردنی كەنەدا بە 51 مین ویلایەت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، دەسەڵاتدارانی گرینلاند لەگەڵ كەنەدا لە گفتوگۆدان سەبارەت بە دروستكردنی هێزێكی هاوشێوەی پاسەوانە كەنەدییەكان بۆ دەستەبەركردنی ئاسایش لە ژێر رۆشنایی هەڕەشەكانی ترەمپ و، نیگەرانییەكانی سەبارەت بە چالاكییەكانی روسیا لە ناوچەكەدا.
ویتنی لۆكنباوەر، پسپۆڕی جەمسەری باكوور و ئەفسەر لە ڕێكخراوی ڕێنجەرزەكانی كەنەدا كە بەشدارە لە راوێژكارییەكانی نێوان كەنەدا و گرینلاند، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز، رایگەیاند،ئەو قسە و باسانەی لە كۆشكی سپییەوە دەردەچن، بووەتە هۆی وازهێنان لەو بیرۆكەیەی كە كۆمەڵگە جەمسەرییەكان پێویستیان بە ئەمریكایە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بكات.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەیبەوەشكردووە، وڵاتانی باكوور و كەنەدا زیاتر تێدەگەن كە دەتوانین هەوڵە سەربازی و دیبلۆماسییەكانیان تێكەڵ بكەن بۆ ئەوەی پەیامێكی قورس بنێرن.
بەڵگەنامەكانی حكومەت ئاماژە بەوە دەكەن كە پێشبینی دەكرێت گرینلاند پلانێك بۆ دروستكردنی هێزێكی هاوشێوەی پاسەوانە كەنەدییەكان تا كۆتایی ئەمساڵ پەسەند بكات.ئانیتا ئاناند، وەزیری دەرەوەی كەنەدا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، كۆبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی باكوور ئەنجام دەدات بۆ كاركردن لەسەر بەرگری بەكۆمەڵ و ئاسایشی جەمسەری باكوور.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هاوبەشی كەنەدا لەگەڵ ئەمریكا هێشتا گرنگە، بەڵام كەنەدا ئارەزووی پەرەپێدانی هاوپەیمانی نوێ دەكات .
كەنەدا و پێنج وڵاتی باكووری ئەوروپا (دانیمارك، فینلاند، ئایسلەندا، نەرویج و سوید ) لە مانگی ئاداری رابردوودا رێككەوتن لەسەر قووڵكردنەوەی هاوكارییە ئەمنییەكان و زیادكردنی بەرهەمهێنانی بەرگری بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەكان لە ناوچەی جەمسەری باكوور.