رێكخراوی تەندروستی جیهانی ،بە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئیبۆلا لە كۆماری دیموكراتیی كۆنگۆ و ئۆگاندا، باری نائاسایی تەندروستی گشتی جیهانی راگەیاند.
تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، ئیبۆلا لە كۆماری دیموكراتی كۆنگۆ و ئۆگاندا دروست بووە، حاڵەتێكی نائاسایی تەندروستی گشتی و نیگەرانی نێودەوڵەتییە، راشیگەیاند،ئامانج لەم بەیاننامەیە ئاگادار كردنەوەی وڵاتانی دراوسێیە بۆ ئەوەی لە حاڵەتی ئامادەباشی بەرزدا بمێننەوە .
بەپێی ئاماری ڕێكخراوەكە، تا رۆژی شەممە، هەشت حاڵەتی پشتڕاستكراوی تاقیگەیی و 246 حاڵەتی گومانلێكراو و 80 حاڵەتی گومانلێكراوی مردن لە پارێزگای ئیتوری كۆنگۆی دیموكرات لە سەرانسەری لانیكەم سێ ناوچەی تەندروستیدا تۆماركراون. جگە لەوەش، دوو حاڵەتی پشتڕاستكراوەی تاقیگەیی، لەنێویاندا مردنێك، كە لە كامپالای پایتەختی ئۆگاندا، تۆماركراون.
ئیبۆلا نەخۆشییەكی درمیە و مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە . ڤایرۆسەكە لە ڕێگەی بەركەوتنی جەستەیی و بەركەوتن لەگەڵ شلەكانی جەستە دەگوازرێتەوە.بەپێی ئامارەكانی دامەزراوەی ڕۆبەرت كۆخی ئەڵمانیا، ڕێژەی مردن بەهۆی ئیبۆلا دەتوانێت بگاتە لەسەدا 90 ئەگەر كەسانی تووشبوو دەستبەجێ چارەسەر نەكرێن.دوایین حاڵەتەكانی ئیبۆلا لە كۆنگۆ دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئەیلولی رابردوو كە 45 كەس لە پارێزگای كاسای لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەكە گیانیان لەدەستدا.