ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا و تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا لە دیمەشق كۆبوونەوە و ژمارەیەك دۆسیەی هاوبەشیان تاوتوێ كرد كە بۆ هەردوو وڵات بە بایەخن.
بە پێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتیی كۆماری سوریا، لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئامادەی بووە، دوایین پێشهاتەكانی وڵاتەكە و ناوچەكە و رێگاكانی بەرزكردنەوەی هاریكاریی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات و كۆمەڵێك بابەتی تری پەیوەست بە هەردوو وڵات تاوتوێ كراون.
پێش سەردانەكەی تۆم باراك، ئەدمیراڵ براد كوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند، سەقامگیریی سوریا پەیوەندییەكی توندوتۆڵی بە ئاسایشی ئەمریكاوە هەیە، ئاماژەی بەوەش كرد، سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر بە سوریا لە قۆناغی داهاتوودا روونتر دەبێتەوە.
كوپەر لە وتەكانیدا لەبەردەم لیژنەی هێزە چەكدارەكان لە ئەنجوومەنی پیران وتیشی، ئەمریكا لە پەیوەندیی لەگەڵ حكومەتی سوریا بەردەوام دەبێت و كاردەكات بۆ بونیادنانی توانا ئەمنییەكانی سووریا لە ڕێگەی هاوبەشە ناوچەییەكانەوە.