وەزیری وزەی ئیمارات ڕایدەگەیەنێت كشانەوەی وڵاتەكەی لە ڕێكخراوی ئۆپیك هیچ پاڵنەرێكی سیاسی لەپشت نییە و تەنیا لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی و زیادكردنی توانای بەرهەمهێنان بووە.
سوهەیل مەزروعی، وەزیری وزەی ئیمارات لە پلاتفۆڕمی ئێكس ڕایگەیاندووە، بڕیاری حكومەتی وڵاتەكەی بۆ كشانەوە لە ڕێكخراوی ئۆپێك و هاوپەیمانیی ئۆپیك پڵەس، بڕیارێكی ستراتیژی بووە. ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەو بڕیارە دوای پێداچوونەوەیەكی گشتگیر و ورد بۆ سیاسەتی بەرهەمهێنانی نیشتمانی و تواناكانی وڵات هاتووە و هیچ بەرژەوەندییەكی دەرەكی نەیجوڵاندوون.
وەزیری وزەی ئیمارات دەڵێت، بڕیارەكانی وڵاتەكەی تەنیا لەسەر بنچینەی ڕێنمایی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان، ڕۆڵی ئیمارات وەك دابینكەرێكی جێگەی متمانەی وزە و پابەندبوونیان بە سەقامگیریی بازاڕەكان دراوە.
مەزروعی جەختی كردووەتەوە كە بڕیارەكانی ئیمارات سەروەرین و تەنیا بەرژەوەندیی نیشتمانی دەیانجووڵێنێت، نەك پێشبینی و لێكدانەوە دەرەكییەكان. هەروەها ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتكردەوە كە باس لە بوونی ململانێی سیاسی یان لێكترازان لە نێوان ئیمارات و هاوبەشەكانی دەكەن.