ئەردۆگان: پرۆسەی ئاشتی خێرا دەكرێت

عیراق 09:33 AM - 2026/05/17

رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆككۆماری توركیا ڕایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی پێشكەوتنی باشی بەخۆوە بینیوە و میت كار بۆ چەكدانانی پەكەكە دەكات، هەروەها جەختی لە تەواوبونی ئامادەكارییەكان بۆ نوسینەوەی دەستورێكی نوێی مەدەنی كردەوە.

ئەردۆگان، لە كاتی گەڕانەوەی لە سەردانەكەی كازاخستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لە ی18 مانگی ڕابردودا هەنگاوی بوێرانە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی نراوە و دەزگای هەواڵگریی وڵاتەكەشی (میت) بە چڕی كار بۆ خێراكردنی پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە دەكات. ئاماژەی بەوەشكرد، ئامانجی ئەو هەوڵانە گەیشتنە بە توركیایەكی "بێ تیرۆر" كە تێیدا یەكڕیزی و برایەتیی نێوان 86 ملیۆن هاوڵاتی وڵاتەكە بەهێزتر ببێت و كۆتایی بەو ئاڵنگارییانە بێت كە لە ڕابردودا ڕوبەڕویان بوەتەوە.

سەرۆككۆماری توركیا ئاماژەی بەوەكرد كە پەرلەمان كۆمیسیۆنێكی تایبەتی بۆ دیموكراسی و برایەتی دامەزراندوە و نەخشەڕێگایەكی نوێیان لەسەر بنەمای كۆدەنگی نیشتمانی ئامادە كردوە.

ئەردۆگان هۆشداریشیدا كە هەندێك لایەن هەوڵی دروستكردنی تەگەرە و بنبەستكردنی پڕۆسەی ئاشتی دەدەن، بەڵام تەئكیدی كردەوە كە حكومەتەكەی بە رێبازێكی بنیاتنەر و بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی مێژویی، هەمو ئەو ئاستەنگانە تێدەپەڕێنێت.

سەبارەت بە چاكسازییە یاساییەكان، ئەردۆگان دوپاتیكردەوە كە نوسینەوەی دەستورێكی نوێی مەدەنی و گشتگیر چیتر دروشم نییە بەڵكو پێویستییەكی حەتمییە و ئامادەكارییەكانیشی تەواو بون.  وتیشی، ئەو دەستورە دەبێت هاوتەریب بێت لەگەڵ مەرجەكانی ئەم سەردەمە و وەك ڕزگاركەرێك بێت بۆ ئەوەی چیتر سیستەمی سیاسی داواكارییەكانی گەل پشتگوێ نەخات و هەمو بەڵێنەكان جێبەجێ بكرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو