ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا، لەسەر بانگهێشتی شی جینپینگ، سەرۆكی چین، سەردانێكی ڕەسمی بۆ پەكین ئەنجام دەدات. كرێملن دەڵێت، هەردوو سەرۆك تاوتوێی هاوكارییە دووقۆڵییەكان، ئاڵۆزییە جیۆپۆڵەتیكییەكان و پرسە گرنگ و نێودەوڵەتییەكان دەكەن.
بەپێی راگەیەندراوێكی كۆشكی كرێملن، سەردانەكەی پوتین لە رۆژانی 19 و 20ـی ئایار دەبێت. سەردانەكە هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی 25 ساڵ بەسەر ئیمزاكردنی "پەیماننامەی دراوسێیەتی باش و هاوكاریی دۆستانە" لە نێوان هەردوو وڵاتدا، كە لە ساڵی 2001ەوە بووەتە بناغەی پەیوەندییەكانی مۆسكۆ و پەكین.
كرێملن ئاماژەی بەوەكردووە، پوتین و شی جینپینگ كۆبوونەوەیەكی لووتكە بۆ بەهێزكردنی "هاوبەشی گشتگیر و هاوكاریی ستراتیژی" ئەنجام دەدەن و بیروڕا لەبارەی پەرەسەندنە هەرێمیو نێودەوڵەتییەكان دەگۆڕنەوە.
بڕیارە لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە چەندین پرسی هەستیار بكرێت، لەوانە: هاوكارییە ئابووری و بازرگانییەكان، وزە، شەڕی ئۆكرانیا، پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا، پرسی تایوان و گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دیمیتری پێسكۆڤ، وتەبێژی كرێملن، لەبارەی كارنامەی سەردانەكە رایگەیاند: لەسەرووی هەموویەوە، باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان دەكەین كە هاوبەشییەكی ستراتیژیی تایبەتە.
هەروەها قەبارەی بازرگانی نێوانمان كە بەردەوام لە گەشەدایە و 200 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، تەوەرێكی سەرەكی دەبێت. سەردانەكەی پوتین لەكاتێكدایە، تەنیا چەند رۆژێك پێش ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، سەردانی چینی كردو لەگەڵ شی جینپینگ كۆبووەوە.