عیراق باجی لەسەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و زێڕ زیاد كرد

عیراق 09:42 AM - 2026/05/16

 گۆڕانكاری لە پێناسی گومرگی دەكرێت و باج لەسەر  ئامێری كارەبایی، زێڕ و ئۆتۆمبێل زیاد دەكرێت، بەئامانجی رێگریكردن لە فێڵی باج. 

 سامر قاسم داود بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەكانی عیراق راگەیاند، بڕیاری ژمارە 957ی ساڵی 2025، پێش دوو مانگ گشتاندنی پێكراوە بۆ هەموو دامودەزگاكان، بۆیە بڕیارەكە كتوپڕ نەبووە و بازرگانان پێشوەختە لێی ئاگادار كراونەتەوە. زیادكردنی باجی گومرگیش تەنیا بۆ كەلوپەلە لاوەكییەكانی وەك ئامێری كارەبایی، زێڕ و ئۆتۆمبێل بووە. 

بەگوێرەی سیستمی ئەسیكۆدا كە لە عیراق كاری پێدەكرێت، رێژەی باجی گومرگی لەسەر هاوردەكردنی زێڕ لە 5%ـی نرخەكەیەتی، لەسەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە 15%ـەوە دەستپێدەكات، ئەمەش بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەكە و  كارایی ژینگەیی دەگۆڕێت بە ئۆتۆمبێلە هایبریدەكانیشەوە. 

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەكانی عیراق، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان، كە مادە خۆراكییەكان، دەرمان و پێداویستییە سەرەكییەكان كاریگەرییان لەسەر نەبووە، یان ئەگەر گۆڕانكارییەكیش هەبێت، زۆر كەم و گونجاو دەبێت. 

دەشڵێت، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەم گۆڕانكارییە، رێگریكردنە لەو كۆمپانیایانەی لە پێدانی باجدا فێڵ دەكەن، چونكە پێشتر هەندێك كۆمپانیا بۆ ماوەی ساڵێك دادەمەزران‌و كەلوپەلیان هاوردە دەكرد، دواتر بێ ئەوەی باج بدەن كۆمپانیاكەیان دادەخست و بە ناوێكی تر كۆمپانیایەكی نوێیان دەكردەوە، ئەمەش بووبووە هۆی فەوتانی بڕێكی زۆر لە باجی دەوڵەت.

ئەسیكۆدا سیستمێكی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە، 108 وڵات كاری پێدەكەن. ئەو بازرگانانەی لەو سیستمەدا تۆماركراون، دەتوانن لە بانكی ناوەندی عیراق بە نرخی رەسمی دۆلار  وەربگرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو