باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نوێی نەوتی عیراق دەڵێت، كارە لە پێشینەكانی وەزارەتەكەی لە قۆناغی داهاتوودا زیادكردنی تواناكانی بەرهەمهێنانو پەرەپێدانی ژێرخانی كەرتی نەوتە، دەشڵێت، دۆسییەی نەوتی هەرێمی كوردستان دۆسییەكی تایبەتە و هەمووو چارەسەرێكی بۆ فەراهەم دەكەین.
باسم محەمەد خزەیر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كاتی دەستبەكاربوونیدا وەك وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند: دیدگا و ستراتیژیی حكومەت تەئكید لەسەر ئامادەیی سەرجەم كۆمپانیا بیانییەكان دەكاتەوە لە عیراق بۆ بەشداریكردن لە بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنان، راهێنانی كادرانی تەكنیكی و ئەندازیاری، و بونیادنانی باشترین ژێرخان بۆ كەرتی نەوت.
راشیگەیاند: حكومەت هەوڵدەدات سەرجەم پارێزگاكانی عیراق بكاتە پارێزگای بەرهەمهێنی نەوت بەمەبەستی بووژانەوەی ئابوورییان. هەروەها بە هیچ شێوەیەك چاوپۆشی لە دۆسیەی گەندەڵی ناكەنو رێگە بە مانەوەی كەسانی بێ توانا و ناكارامە نادەن.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش وتی، دۆسییەی هەرێمی كوردستان دۆسییەكی تایبەتە و هەمووو چارەسەرێكی بۆ فەراهەم دەكەین، پشتیوانی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن و زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوتو غاز، هەروەها پێویستە پیشەسازی نەوتی لە هەرێمی كوردستان پیشەسازییەكی هاوشێوەی ناوەڕاست و باشوری عیراق بێت. راشیگەیاند، پێداگری دەكەن لەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان هاوشێوە ناوچەكانی تری عیراق بن، ئەمە پرەنسیپی یەكسانییەو بەچڕی كاری لەسەردەكەین.
هەروەها هەوڵدەدەن ڕێژەی هەناردەكردنی نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە بەرزبكەنەوە بۆ ئەوەی بگاتە 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا. بە وتەی وەزیری نەوتی عیراق، بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە لە كەركوك و بەسرە لە ملیۆنێك و (400) هەزار بەرمیل تێ ناپەڕێت، بە شێوەیەكی گشتی رۆژانە (200) هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە دەكرێت.