سەرۆك مام جەلال یەكەم كورد بوو سەرۆكایەتی لوتكەی عەرەبی كرد

کوردستان 11:05 AM - 2026/05/16

14ساڵ بەر لە ئێستا سەرۆك مام جەلال وەك یەكەم كورد، سەرۆكایەتی لوتكەی عەرەبی كرد و وتارەكەشی كاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا و دەستپێشخەرییەكانی بە هەوێنی چارەسەری كێشەكانی ئەمڕۆش دادەنرێن.

سەرۆك مام جەلال جگە لەوەی لە عیراق بە سەمام ئەمان ناونرابوو لەلایەن ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق، لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكەش رۆڵی بەرچاوی هەبووە و توانیویەتی سەركردەكانی عەرەب كۆبكاتەوە.

لە 27 تا 29ـی ئاداری 2012 لوتكەی 23ی عەرەبی لە بەغداد بەڕێوەچوو و سەرۆك مام جەلال سەرۆكایەتی لوتكەكەی كرد، ئەم لوتكەیە جیاوازبوو لە لوتكەكانی تر كە دیموكراسیەتی عیراقی خستەڕوو بەهۆی ئەوەی كە كوردێك لوتكەكەی بەڕێوەبرد.

سەرۆك مام جەلال وتارێكی پێشكەش كرد، كە جیاوازتر بوو لە وتاری سەرانی عەرەب لە لوتكەكانی پێشووتر و باسی لەوەكرد، بەڕێوەچوونی لوتكەی عەرەبی لە عیراق ئاماژەیەكە بە سەركەوتویی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە عیراقدا و سورن لەسەر ئەوەی بەغداد لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی كار بكات.

لەلایەكی ترەوە، سەرۆك مام جەلال لە لوتكەكەدا دەستپێشخەری كرد بۆ چارەسەركردنی دۆزی فەلەستین و لەو چوارچێوەیەدا داوایكرد دەوڵەتێكی سەربەخۆی فەلەستینی دابمەزرێت و پایتەختەكەی قودس بێت و كۆتایی بە كۆنتڕۆڵكردنی خاكی فەلەستین بێت لەلایەن ئیسرائیلەوە و وڵاتانی عەرەبی یەكهەڵوێست بن لەسەر ئەو بابەتە.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ئیسرائیل لە تەواوی خاكی فەلەستین و بەرزاییەكانی جۆلان بكشێتەوە و بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی لە ساڵی 1967 بۆی دیاریكراوە، هەروەها داواشیكرد كۆتایی بە خوێنڕشتن و توندوتیژی لە سوریا بهێنرێت‌و رێز لە ئیرادەی گەلی سوریا بگیرێت. 

یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی ئەو لوتكەیە ئەوەبوو ماوەی 20 ساڵ بوو عیراق میوانداری لوتكەی عەرەبی نەكردبوو، بەڵام سەرۆك مام جەلال پێداگربوو لەسەر ئەوەی لوتكەكە لە بەغداد ئەنجامبدرێت و سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی بهێنێتە بەغداد و كۆتایی بە چەقبەستوویی پەیوەندی بەغداد و وڵاتان بێت و توانی بە سەركەوتوویی ئەو كارە بەجێبگەیەنێت لە ژێر كەشێكی ئارامدا.

وتارەكەی سەرۆك مام جەلال و دەستپێشخەرییەكانی بە یەكێك لە بەهێزترین وتاری عەرەبی دادەنرێت بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە بە تایبەت دۆزی فەلەستین كە بووەتە مانشێتی هەواڵەكان و گەورەترین كێشەی ناوچەكە و جیهان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو