بڕیارە ئەمڕۆ كێڤن وارش وەك 17یەمین سەرۆكی بانكی فیدراڵیی ئەمریكا دەستبەكار ببێت و شوێنی جیرۆم پاوڵ بگرێتەوە.
ئەمڕۆ 16ـی ئایار، بۆ یەكەمجار كێڤن وارش وەك سەرۆكی نوێی بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكا دەستبەكار دەبێت. ئەم دەستبەكاربوونە دوای ئەوە دێت كە رۆژی هەینی جیرۆم پاوڵ سەرۆكی پێشووی بانكی فیدراڵی، كۆتاییهاتنی ئەركەكەی ڕاگەیاند و پۆستەكەی بۆ وارش چۆڵ كرد.
كێڤن وارش توانی 54 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 45 دەنگی نەخێر لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا بەدەستبهێنێت. ئەمە بە كەمترین ڕێژەی دەنگ دادەنرێت كە سەرۆكی بانكی فیدراڵی لە دوای ساڵی 1977ـەوە بەدەستی هێنابێت، كە نیشانەی بوونی كێبڕكێیەكی سیاسیی توندە لەسەر ئەم پۆستە هەستیارە.
سەرۆكی نوێی بانكی فیدراڵی لە دۆخێكی ئاڵۆزدا دەستبەكار دەبێت. لە لایەك دۆناڵد ترەمپ فشار دەكات بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی سوودی بانكی، لە لایەكی تریشەوە داتاكانی مانگی نیسان پیشانی دەدەن كە ڕێژەی هەڵاوسان بۆ 3.8% بەرزبووەتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە بەهۆی شۆكی نرخی وزەوە بووە كە لە ئەنجامی جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هوورمز دروستبووە.
كێڤن وارش كە تەمەنی 56 ساڵە و پێشتر لە ساڵانی 2006 تا 2011 پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئەمریكا بووە، ئێستا كۆنترۆڵی گرنگترین دامەزراوەی دارایی جیهان دەكات. ئەركی سەرەكیی وارش دیاریكردنی تێچووی قەرز و سوودی بانكییە بۆ ئەمریكا، كە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەواوی بازاڕە داراییەكانی جیهان دەبێت.