بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەكانیان كۆنترۆڵی 60%ـی كەرتی غەززە دەكەن، ئەمەش دەریدەخات كە ئیسرائیل مەودای كۆنترۆڵی خۆی لە ناو كەرتی غەززە زیاتركردوە لەوەی كە لە ڕێككەوتنی ئاگربەستی مانگی تشرینی یەكەمی 2025دا هاتبوو.
ناتانیاهۆ لە وتارێكدا رایگەیاند، لە دوو ساڵی رابردودا، هێزی خۆیان بۆ هەموو جیهان پیشاندا و بارمتەكانیان بۆ نیشتمان گەڕاندەوە، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ یەكێك لە ئامانجە سەرەكییە ڕاگەیەندراوەكانی جەنگ لە غەززە. ناتانیاهۆ باسی لە بێ متمانەی هەندێك لایەن لەم جەنگەدا كردو رایگەیاند، هەندێك هەبوون دەیانوت؛ بكشێنەوە، بكشێنەوە! بەڵام ئێمە نەكشاینەوە، ئەمڕۆ كۆنترۆڵی 60%ی كەرتی غەززە دەكەین، و سبەی دەبینین.
رێككەوتنی ئاگربەستی غەززە كە ئەمریكا ناوبژیوانی تێدا كردبوو، بڕیاری پاشەكشەی هێزەكانی ئیسرائیل بۆ ناوچەی ناسراو بە هێڵی زەرد لە ناو غەززە دابوو، لەگەڵ مانەوەی كۆنترۆڵیان بەسەر زیاتر لە 50%ـی خاكی كەرتەكەدا. قۆناغی یەكەمی ئاگربەستەكە ئازادكردنی دوایین بارمتەكانی لەخۆگرتبوو كە بزوتنەوەی حەماس لە كاتی هێرشەكانی ساڵی 2023ـدا دەستگیری كردبون، ئەوەش لە بەرامبەر ئازادكردنی دەستگیركراوە فەلەستینییەكان لای ئیسرائیل.
بەڵام قۆناغی دووەم، كێشە ئاڵۆزەكان دەگرێتەوە، كە دیارترینیان داماڵینی چەكی حەماسە، و دواتر پاشەكشەی پلەبەندی هێزەكانی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە.