نەتەوە یەكگرتوەكان: برسێتی هەڕەشە لە 20 ملیۆن سودانی دەكات

عیراق 12:11 PM - 2026/05/16

رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (فاو)، لەگەڵ بەرنامەی خۆراكی جیهانی، هۆشداریان دا  لە گۆڕانی قەیرانی برسییەتی لە سودان بۆ كارەساتێكی گەورە ئەگەر وڵاتانی جیهان بەپەلە فریای نەكەون، چونكە نزیكەی 20 ملیۆن كەس رووبەڕووی ناسەقامگیری توندی خۆراك بونەتەوە.

ئەو رێكخراوانە لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا بڵاویانكردووەتەوە، نزیكەی 19 ملیۆن‌و 500 هەزار كەس، واتە لەكۆی پێنج كەس دوو هاووڵاتی سودانی، بەدەست ئاستە مەترسیدارەكانی برسییەتییەوە دەناڵێنن.

ئەم ئامارانە پشت بە نوێترین ڕاپۆرتی پۆلێنی ئاسایشی خۆراك دەبەستن كە لەلایەن سیستەمی چاودێری برسییەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكانەوە دەرچووە. رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، نزیكەی 350 هەزار كەس لە تشرینی یەكەمی 2025 بۆ ئاداری 2026، بەهۆی تێكچونی بارودۆخی ئەمنی لە فاشر و كوردۆفان و نیل ئەزرق، ئاوارەبوون.

سیندی مەككین، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بەرنامەی جیهانی خۆراكیش دەڵێت، برسییەتی و بەدخۆراكی هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان كەس دەكەن، داوای هەنگاوی نێودەوڵەتی خێرادەكات بۆ رێگریكردن لە گۆڕانی ئەم قەیرانە بۆ كارەساتێكی گەورە.

جەنگی بەردەوامی سودان لە نێوان سوپا و هێزەكانی پشتیوانی خێرا لە نیسانی  2023ەوە، بوەتە هۆی ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بە گەورەترین قەیرانی برسییەتی لە جیهاندا وەسفی بكات. جەنگەكە كە چوەتە چوارەمین ساڵی خۆیەوە، بوەتە هۆی كوژرانی دەیان هەزار كەس و ئاوارەبونی زیاتر لە 11 ملیۆن كەس لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو