كورتە ڤیدیۆیەك لە هندستان بڵاوبۆتەوە، كە پێمان دەڵێت دایك هەموو كات ئامادەیە خۆی بكات بە قوربانی منداڵەكانی، ئیتر ئەوە دایكە كە سۆزو میهرەبانییەكەی وەسف ناكرێت.
وەك لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت دوو دایك ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ پاراستنی منداڵەكانیان، دیمەنەكە بەجۆرێكە لێدانەكانی دڵی بینەر خێراتر دەكات، چونكە نێوان مردن و ژیانی ئەو خێزانە چەند چركەیەكەو بە موعجیزە لە ڕووداوێكی شەمەندەفەر ڕزگارییان دەبێت، بەوتەی شایەتحاڵەكان كاتێك ئەو دوو منداڵە دەكەونە سەر سكەی شەمەندەفەرەكە، دایكیان بەبێ گوێدانە مەترسی ئەو ڕووداوە فریای منداڵەكانیان دەكەونو لە ڕەسیفی تەنیشت سكەی شەمەندەفەرەكە لە باوەشیان دەگرنو ناهێڵن زیان بەر منداڵەكانیان بكەوێت.
بەگوێرەی ئامارەكان، لە هندستان، زۆرترین مردن بەهۆی نەخۆشی، جەنگ و برسێتیەوە نییە، بەڵكو رووداوەكانی پەیوەست بە شەمەندەفەر زۆرترین كەس دەكەنە قوربانی.
راستە بۆ جیهان رەنگە ئەو دیمەنە بێ پێشینە بێت، بەڵام بۆ هاووڵاتیانی هندستان ئەو دیمەنانە بوونەتە دیاردە. لە هندستان بەهۆی خراپی گواستنەوەی گشتی و زۆری ژمارەی دانیشتوان ساڵانە دەیان هەزار كەس تەنها بەهۆی رووداوەكانی شەمەندەفەرەوە گیان لەدەستدەدەن.
خراپی دیزانی رێگە ئاسنینەكان و كۆنی شەمەندەفەرەكان، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر شەمەندەفەر پێكدادەدەن. بەپێی ئامارەكان لە هیندستان مردن بەهۆی رووداوەكانی شەمەندەفەرەوە لە ریزی پێشەوەی هۆكارەكانی مردنن.
بەپشتبەستن بە ئامارەكان تەنها لە 2023، 24 هەزار و 678 رووداوی شەمەندەفەر روویانداوە، لە رووداوانەدا 21 هەزار و 803 كەس گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە 15 هەزار و 878 كەس بەهۆی كەوتنەخوارەوە لە شەمەندەفەرەكانەوە گیانیان لەدەستداوە كە دەكاتە رێژەی زیاتر لە 73.8 لەسەدی كۆی گیان لەدەستدانەكان بەهۆی رووداوەكانی شەمەندەفەرەوە.
رۆژانە زیاتر لە 12 ملیۆن كەس بە 14 هەزار شەمەندەفەر هاتووچۆ دەكەن، سەرەڕای هەوڵەكانی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی شەمەندەفەر بەڵام هێشتا گیان لەدەستدان بەهۆی رووداوەكانی شەمەندەفەرەوە بەرزە.