ئەمڕۆ رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەكۆمەڵەكانە

عیراق 10:43 AM - 2026/05/16

رۆژی  16ی ئایار لە عیراق  بە رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دیاریكراوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت، لەسەر داوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  نوسراو ئاراستەی دامەزراوەی شەهیدانی عیراق كراوە، بەئامانجی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی كە ماونەتەوە .

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە ساڵی 2007دا، رۆژی 16ی ئایاری هەموو ساڵێكی وەك رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دیاریكرد، لەو رۆژەدا عیراقییەكان یادی خەمناكترین رۆژ لە مێژووی وڵاتەكەیاندا دەكەنەوە، كە گۆڕی بەكۆمەڵی ئازیزانیانە‌و هێشتا تەواوی وردەكارییەكانی نازانن، بۆیە گۆڕە بەكۆمەڵەكان لای هەمووان بۆتە كۆد و نهێنییەك تەنها ئەو كەسانە دەتوانن بیكەنەوە كە بەشداریان لە تاوانەكەدا كردووە، یان ئەو كەسانەی بە موعجیزە لە نێو سەدان قوربانی تردا رزگاریان بووە. 


لەوبارەیەوە سروە محەمەد رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:  لە ماوەی رابردوودا دوای ئەوەی سەردانی سەرۆك وەزیرانی عیراق محەمەد شیاع سودانی كردووە، نوسراوێكی ئاڕاستە كردووە  كە تایبەت بووە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان كە تایبەتە بە ئەنفالكراوان.

لای خۆیەوە محەمەد شیاع سودانی رەزامەندی دەربڕی بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە لە نزیكترین كاتدا، بۆ ئەو مەبەستەش نوسراوێكی ئاڕاستەی دامەزراوەی شەهیدانی عیراق كرد، بەئامانجی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی كە ماونەتەوە لەنزیكترین كاتدا.

لە بارەی ژمارەی ئەو گۆڕانەی هەڵدراونەتەوە زەرغام ئال مەحمود، بەرپرس لە دەزگای شەهیدانی عیراق راگەیاندووە، تا ئێستا 314 گۆڕ هەڵدراونەتەوە، كە 160 گۆڕیان بۆ سەردەمی بەعسی لەناوچوو دەگەڕێتەوە، 154 یشیان  قوربانیانی دەستی تیرۆرستان و هێرشی هەڕەمەكین كە گرووپە تیرۆرستییەكان ئەنجامیان داوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، چەندین گۆڕی تر ماون‌و هێشتا هەڵنەدراونەتەوە كە ژمارەیان دەگاتە 81 گۆڕ، بۆ نموونە لە ناوچەی تەلشێخە لە بیابانی سەماوە، نزیكەی 10 گۆڕی بەكۆمەڵ بوونی هەیە، بەڵام تەنها سێ گۆڕ هەڵدراونەتەوە.

لە بارەی لەمپەرەكانی بەردەم هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، ئەو بەرپرسەی دەزگای شەهیدانی عیراق دەڵێت: كەمی كادری شارەزا و راهێنراو لە بوارەكەدا، هەروەها كێشە لە بودجەی تەرخانكراو، بوونەتە گرفت بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو