چین دەبێتە كڕیارێكی سەرەكیی نەوتی ئەمریكا

عیراق 09:48 AM - 2026/05/16

دوای سەردانە دوو رۆژییەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا  بۆ چین و كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە، واشنتۆن بڕیاریدا چین ببێتە كڕیاری سەرەكیی نەوتەكەی و لە چەند رۆژی داهاتووشدا سزای سەر ئەو كۆمپانیا چینییانە لاببات  كە نەوت لە ئێران دەكڕن.

كریس رایت وەزیری وزەی ئەمریكا رایگەیاند، چین دەبێتە كڕیارێكی سەرەكیی نەوتی خاوی ئەمریكا، ئەمەش لە گرفتی كەمیی وزە ڕزگاری دەكات، كە بەهۆی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دروستبووە. 

ڕاشیگەیاند، ئێستا نەوتی ئەمریكا لە كەنداوی مەكسیكەوە هەناردە دەكرێت و لە داهاتوویەكی نزیكدا بڕێكی زیاتری نەوت بۆ چین هەناردە دەكەن.

ئەم وتانەی وەزیری وزەی ئەمریكا دوای سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دێت بۆ چین و گفتوگۆكانی لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆكی چین، كە تێیدا چەندین  رێككەوتن لەنێوان هەردوولایاندا ئەنجامدرا.

سەرۆكی ئەمریكا رۆژی هەینی كۆتایی بە گەشتەكەی هێنا بۆ چین، كە رۆژی 13ـی ئایار گەیشتە ئەو وڵاتە و تاوتوێی بابەتەكانی جەنگی ئێران، پرسی تایوان، بازرگانیی جیهان، بازاڕی وزە و هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان ئەمریكا و چین كران.  ترەمپ لەكاتی گەڕانەوەی لە گەشتەكەی بۆ چین رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوو سزای سەر ئەو كۆمپانیا چینییانە لادەبەن كە نەوت لە ئێران دەكڕن.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو