تێچووی جەنگی ئێران بۆ نزیكەی 29 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە

عیراق 11:52 AM - 2026/05/13

پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمریكا لە دانیشتنێكی كۆنگرێسدا رووبەڕووی رەخنەی تووندی یاسادانەران بووەوە سەبارەت بە تێچوو، ستراتیژ و ناڕوونی جەنگی ئێران و داواكاریی بودجەی یەك  تریلیۆن و 500 ملیار  دۆلاریی وەزارەتەكەی، یاریدەدەرێكی ئەو وەزیرەش دەڵێت،تێچووی جەنگی ئێران بۆ نزیكەی 29 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

لە دانیشتنێكی لیژنەی تەرخانكردنی بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، جەی هێرست،یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمریكا، ئامارێكی نوێی لەبارەی تێچووی جەنگی ئێرانەوە  ئاشكرا كرد.

هێرست رایگەیاند: تێچووی جەنگەكە بۆ نزیكەی 29 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، لە كاتێكدا دوو هەفتە لەمەوبەر وەزارەتەكە رایگەیاند، 25 ملیار دۆلارە.هێرست هۆكاری زیادبوونەكەی گەڕاندەوە بۆ تێچووی چاككردنەوە و گۆڕینی كەرەستەكان و تێچووە گشتییەكانی ئۆپراسیۆنەكان.

پیت هێگسێت  وەزیری جەنگ و دان كەین، سەرۆكی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەكانی ئەمریكا، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بودجەی پێشنیاركراوی  یەك تریلیۆن و 500 ملیار  دۆلاریی پێنتاگۆن بۆ ساڵی 2027 ئامادەی دانیشتنەكە بوون، بەڵام جەنگی ئێران و تێچووەكانی باڵی بەسەر دانیشتنەكەدا كێشا.

 یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی نیگەرانیی یاسادانەران ئەوە بوو، بودجە  یەك ترلیۆن و 500 ملیار دۆلارییەكە تێچووی جەنگی ئێرانی لەخۆنەگرتووە و كۆنگرێس چەندین هەفتەیە چاوەڕێی پێشكەشكردنی داواكارییەكی بودجەی تایبەت بە جەنگ دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو