دۆناڵد ترەمپ و شی جین پینگ لە پەكین كۆدەبنەوە

عیراق 09:50 AM - 2026/05/13

لوتكەی پەكین دەستپێكی قۆناغێكی نوێیە لە پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان واشنتۆن و پەكین، ترەمپ بە سوپایەك لە سەركردەكانی وۆڵ ستریت و سیلیكۆن ڤالییەوە دەیەوێت ئەنجوومەنی وەبەرهێنانی هاوبەش لەگەڵ چین دابمەزرێنێت.

بەپێی هەواڵێكی تۆڕی فۆكس نیوزی ئەمریكی، شی جینپینگ، سەرۆكی چین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە پەكین كۆدەبنەوە و ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕوانینە ئیلۆن ماسك، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری تێسلا و سپەیس ئێكس، هاوەڵی ترەمپ دەكات، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی ئەو ناكۆكییە توندانەی لە ساڵی 2025 لە نێوانیاندا هەبوو.

هەروەها تیم كوك، سەرۆكی ئەپڵ و لاری فینك، سەرۆكی بلاك رۆك لەگەڵ 10 سەركردەی تری  كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئەمریكا لە ناو وەفدەكەی ئەمریكادان.
بڕیارە دۆناڵد ترەمپ و شی جین پینگ كۆبوونەوەیەكی ئاستبەرز ئەنجام بدەن،كە تێیدا دۆسیە ئابوورییەكان و پەیوەندیی نێوان كۆمپانیاكان دەبنە چەقی گفتوگۆكان.

ئامانجی سەرەكیی ترەمپ لەم گەشتە، داڕشتنەوەی هاوپەیمانییەكی ئابووریی نوێیە كە بەرژەوەندییەكانی هەردوولا بپارێزێت و گرژییەكانی ساڵانی رابردوو كەم بكاتەوە.

بەرپرسانی ئەمریكا ئاشكرایان كردووە، ترەمپ دەیەوێت لەگەڵ سەرۆكی چین پرسی دامەزراندنی ئەنجوومەنی وەبەرهێنان و ئەنجوومەنی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات یەكلایی بكاتەوە. سەركردە بازرگانییەكانی هاوەڵی ترەمپ، ڕۆڵێكی گرنگیان دەبێت لە داڕشتنەوەی ئایندەی پەیوەندییە ئابوورییەكان و بڕیارە لە پەراوێزی كۆبوونەوە سیاسییەكاندا، گفتوگۆی چڕ لەگەڵ لایەنی چینی بكەن.

بڕیار وابوو دۆناڵد ترەمپ لە كۆتاییەكانی مانگی ئادار یان سەرەتای نیساندا ئەم سەردانە بۆ چین ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و تێكچوونی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەكە، گەشتەكە بۆ ئێستا دواخرا .




بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو