وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، چوار ڕێكاری خۆپارێزی ڕاگەیاند وەك ئامادەكارییەك بۆ جەژنی قوربان، ئاماژەی بەوەدا كە ئامانجی ئەم ڕێكارانە كەمكردنەوەی مەترسییەكان تووشبوونە بە تای خوێنبەربوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ، لیژنەی ناوەندی بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشی تای خوێنبەربونی كۆبوونەوەیەكی ئەنجامداوە و تێیدا باسی لەو ڕێكارانە كراوە كە پێویستە بگیرێنەبەر لەگەڵ نزیكبونەوەی جەژنی قوربان. هەروەها وەزارەتی كشتوكاڵ تەئكیدی كردەوە كە ئەم ڕێكارانە ئامانجیان پاراستنی تەندروستی گشتی، و سنوورداركردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەیە، و دەستەبەركردنی سەلامەتی قوربانییەكانە لە ماوەی وەرزی جەژندا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، ئەو ڕێكارە تەندروستییانەی كە پێشوەختە دەگیرێنەبەر بریتین لە، پەیوەندیكردنی نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەكان بە نوسینگەی پارێزگارەكان بۆ كاراكردنی كاری لیژنەكانی چاودێری و پشكنین بە سەرۆكایەتی پارێزگار، بە بەشداری فەرمانگەكانی تەندروستی، ژینگە، ئاسایشی نیشتمانی، ناوخۆ، و ڤێتێرنەری بەمەبەستی سنورداركردنی دیاردەی سەربڕینی هەڕەمەكی.
هەروەها قەدەغەكردنی گواستنەوەی ئاژەڵ لە ناوچە تووشبووەكانەوە، تەنها بە بڕوانامەی تەندروستی ڤێتێرنەری نەبێت كە سەلمێنەری پاكی ئاژەڵەكە بێت و لەلایەن نەخۆشخانە یان بنكەی ڤێتێرنەرییەوە دەركرابێت.
یەكێكی تر لە رێكارەكان بریتییە لە چڕكردنەوەی هەڵمەتەكانی هۆشیاركردنەوە و ڕۆشنبیری كۆمەڵایەتی، و دابەشكردنی فۆڵدەری هۆشیاری بەسەر پەروەردەكاران و هاوڵاتیاندا بۆ ڕونكردنەوەی مەترسییەكانی نەخۆشییەكە و ڕێگاكانی خۆپاراستن لێی.