سی ئێن ئێن: ترەمپ بێتاقەت بووە و بیر لە دەستپێكرنەوەی شەڕی دژی ئێران دەكاتەوە

عیراق 02:52 PM - 2026/05/12

سی ئێن ئێن: ترەمپ بێتاقەت بووە و بیر لە دەستپێكرنەوەی شەڕی دژی ئێران دەكاتەوە    "دۆناڵد ترەمپ لە داخستی گەرووی هورمز بێتاقەت بووە و بەشێوەیەكی جدی تر بیر لە دەستپێكرنەوەی شەڕی دژی ئێران دەكاتەوە" ئەمە وتەی چەند سەرچاوەیەكن كە قسەیان بۆ "سی ئێن ئێن" كردووە.

* تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریكی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەك بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بە شێوەیەكی جدی تر تاوتوێی دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەكان دژی ئێران دەكات. 

ئەو سەرچاوەنە رایانگەیاندووە، ترەمپ "سەبری نەماوە و بێتاقەت بووە" لە داخستنی گەرووی هورمز.  هاوكات پێشی وایە، بوونی ناكۆكی یان دووبەركی لە نێوان سەركردایەتی ئێراندا دەبێتە هۆی ئەوەی تاران لە دانوستانە ئەتۆمییەكاندا ناچار بە سازشی جەوهەری بێت.

ئە بێتاقەتییەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، رۆژی یەكشەممە، ئێران لەلایەن پاكستانەوە، وەڵامی دواین پێشنیاری ئەمریكای بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ دایەوە،  دواتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، وەڵامەكەی ئێرانی بە "گەمژانە و قبوڵنەكراو" وەسف كرد. ترەمپ رایگەیاند، رێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ تاران لە "ژووری چاودێری ورددایە" و تەنها 1%ـی هەلی مانەوەی ماوە. ئاماژەی بەوەشكرد، پەیامەكەی ئێران هیچ گەرەنتییەكی تێدا نەبووە كە تاران هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نادات.

لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان، ترەمپ وتی، پێشنیارەكەی ئێران هێندە خراپە تەنانەت ئۆباما و بایدنیش قبوڵیان نەدەكرد. ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان واتا "ئەمریكا"پێشتر دوو ریز لە سەركردەكانی ئێرانیان كردووەتە ئامانج و لە رێگەی چەكەكانیانەوە شوێنە ئەتۆمییەكانیان بە توندی پێكاوە، بۆیە سازش لەسەر مەرجەكانیان ناكەن.

لەهەمان چوارچێوەدا، ماڵپەڕی "ئەكسیۆس" لەزاری لێپرسراویكی ئەمریكییەوە بڵاویكردەوە، بەهۆی گەیشتنی دانوستانەكان بە بنبەست، دۆناڵد ترەمپ بۆ تاوتوێكردنی جەنگی ئێران لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی كۆدەبێتەوە، یەكێك لە بژاردەكان دەستپێكردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانە، یەكێكی تریش لە دەستپێكردنەوەی"پڕۆژەی ئازادی"یە بۆ پاراستنی هاتووچۆی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز.

هەروەها بژاردەی دەستپێكردنەوەی بۆردوومانی ئاسمانی بۆ سەر ئەو 25%ـی ئامانجانەی كە سوپای ئەمریكا لە ناوخۆی ئێران دەستنیشانی كردوون و تاوەكو ئێستا بۆردوومان نەكراون، لەسەر مێزی گفتوگۆیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو