لەویلایەتی ئەلابامای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا،بازنەیەكی هەڵبژاردنی رەشپێستەكان لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە، لەوبارەیەوە، ئاژانسەكانی هەواڵ رایانگەیاند،دادگای باڵای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕیاریدا ویلایەتی ئەلاباما یەكێك لەو دوو بازنە هەڵبژاردنەی كە زۆرینەی دەنگدەرانیان لە رەشپێستەكان پێكهاتووە پێش هەڵبژاردنەكانی نیوەی خولی ئەمساڵ هەڵبوەشێنێتەوە.
هاوكات ئاماژەی بەوەشداوە،ئەم بڕیارە دوای حوكمێكی دادگای باڵا لە مانگی نیساندا دێت كە بازنەیەكی هەڵبژاردنی خاوەن زۆرینەی رەشپێستی لە ویلایەتی لوویزیانا پووچەڵكردەوە، بەو پێیەی بە دابەشكارییەكی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای رەگەز و نادەستووری لەقەڵەم دا، ئەمەش بووە هۆی لاوازكردنی یەكێك لە بەندەكانی یاسای فیدراڵی مافی دەنگدان بە شێوەیەكی بەرچاو.
هەروەها،لێپرسراوانی ئەلاباما پشتیان بە كەیسەكەی لوویزیانا بەست بۆ داواكردنی كۆتاییهێنان بە فەرمانێكی دادوەری كە ویلایەتەكە پابەند دەكات بە بەكارهێنانی نەخشەیەكی هەڵبژاردن كە لەلایەن دادگاوە سەپێنراوە تا دوای سەرژمێری ساڵی 2030.
ئەم هەنگاوە رێگا بۆ ویلایەتەكە خۆش دەكات ئەو نەخشە هەڵبژاردنە پەسەند بكات كە لە ساڵی 2023 لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانانەوە كە كۆمارییەكان باڵادەستن تێیدا دەرچووە، كە تەنها یەك بازنەی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت كە ڕەشپێستەكان تێیدا زۆرینە بن.