دوای 12 ساڵ لە داخستنی؛ دەروازەیەكی نێوان باكوور و رۆژئاوای كوردستان دەكرێتەوە

عیراق 04:04 PM - 2026/05/12

دوای دابڕانێكی درێژخایەن كە 12 ساڵی خایاند، بڕیاری كردنەوەی دەروازەیەكی نێوان باكوور و رۆژئاوای كوردستان درا و بەوەش جموجۆڵی هاتوچۆ و بازرگانی لە دەروازەكەوە دەستپێدەكاتەوە.

پارێزگای رحای باكووری كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی توركیا، رۆژی سێشەممە دەروازەی سنووریی كانیا خەزالا (ئاكچاكالە) بە رووی هاووڵاتیاندا دەكرێتەوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، پێشتر دەروازەكە بۆ ماوەی 12 ساڵ بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە داخرابوو.

لە راگەیەندراوی پارێزگای رحا-دا، مەرجەكانی هاتوچۆكردن دیاریكراون؛ تەنها هاوزڵاتیانی توركیا یان ئەو سورییانەی كە هەڵگری هەردوو پاسپۆرتی سوری و توركین واتا (رەگەزنامەی دووەمیان هەیە)، لەگەڵ ئەو هاووڵاتیە سوریانەی كە بە شێوەیەكی یاسایی نیشتەجێی توركیان، دەتوانن دەروازەكە بۆ هاتوچۆ بەكاربهێنن.

لە ساڵی 2014 و دوای چڕبوونەی شەڕی ناوخۆی سوریا، دەروازەی كانیا خەزالا بە تەواوەتی بەڕووی جموجۆڵی هاتوچۆ و بازرگانی داخرا. دەروازەكە لە بەری رۆژئاوای كوردستان بەرامبەر شارۆچكەی گرێ سپییە، كە ئێستا ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بە توركیادایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو