ژێر دەریایی ئەتۆمی یوئێس ئێس ئەلاسكا لە جۆری ئۆهایۆ گەیشتە گەروی جەبەل تاریق.
ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە، لەهەنگاوێكی دەگمەنو نیشاندانی هێزدا، هێزی دەریایی ئەمریكا ژێردەریایی ئەتۆمی یو ئێس ئێس ئەلاسكا لەجۆری ئۆهایۆی لەگەروی جەبەل تاریق جێگیركرد، ئەمەش لەكاتێكدایە كە وتووێژە سیاسییەكانی نێوان واشنتۆنو تاران بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتون.
ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەم ژێردەریاییە كە هەڵگری موشەكی بالیستییە، لەناوچەی ساوس مۆڵلەجەبەل تاریق لەنگەریگرتوە و جێگیركردنی ئەم چەكە ستراتیژییە بەپاراستنی توندی هێزەكانی مارێنزی بەریتانیو ڕێوشوێنی ئەمنی توند دەورەدراوە كە بازنەیەكی قەدەغەكراو بەتیرەی 200 مەتر لەدەوری دروستكراوە.
هاوكات شارەزایانیش پێیانوایە، ئەمە گۆڕانكارییە لەگوشاری دیپلۆماسییەوە بۆ بەهێزكردنی بەرگریی ئەتۆمی لەناوچە هەستیارەكانی دەریای ناوەڕاستو ئەتڵەسی.
ژێردەریایی یو ئێس ئێس ئەلاسكا یەكێكە لەكۆڵەكە سەرەكییەكانی سێ لایەنی ئەتۆمی ئەمریكا لە ئاسمان و زەویو دەریا، گرنگترین تایبەتمەندییەكانیشی بریتین لەوەی، هەڵگری 20 موشەكی بالیستی جۆری ترایدێنت 2 دی 5و تۆرپیدی قورسی ئێم كەی 48 بەكارتێكەری (ڕیاكتۆر) ئەتۆمی جۆری ئێس جیكاردەكات و هێزی 60 هەزار ئەسپی هەیە كە دەتوانێت بەخێرایی زیاتر لە 20 گرێی دەریایی لەژێر ئاودا بڕوات.
ئەوەش خراوەتەڕوو،ژێر دەریاییەكە لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2009 پرۆسەی نوێكردنەوەی گشتگیری بۆ كراوە، لەوانە گۆڕینی سوتەمەنی ئەتۆمیو پەرەپێدانی سیستمەكانی جەنگو ڕێدۆزی.
جەبەل تاریق تەنها دەروازەی دەریاییە لەنێوان زەریای ئەتڵەسیو دەریای ناوەڕاست كە ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار كەشتی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەم پێگەیە ڕێگە بەژێردەریاییە ئەمریكییەكان دەدات بەخێرایی لەكەناراوەكانی ڕۆژهەڵاتی ئەمریكاوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقا بجوڵێن.