قوباد تاڵەبانی: ئاسایش هێزێک نییە بۆ ترساندن، بەڵکوو هێزێکە بۆ رەواندنەوەی ترسی هاوڵاتییان

کوردستان 05:55 PM - 2026/05/11

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی دوو پۆستی بەڕێوەبەرایەتی لە دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند  ئاسایش هێزێک نییە بۆ ترساندن، بەڵکوو هێزێکە بۆ رەواندنەوەی ترسی هاوڵاتییان.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە رۆژی دووشەمە(11/5/2026) بە ئامادەبوونی حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەڕێوەچوو،  هەر یەکە لە عەمید خالید محەمەد قادر وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان و عەقید هەوار مەجید قادر وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستبەکاربوون. 
قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە هەردوو بەڕێوەبەری نوێ لە دەزگای ئاسایشی هەرێم کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرکەکەیان دا. پاشان بە ئاماژەدان بە ئامادەبوونی بەڕێز وەزیری رۆشنبیری لە ڕێوڕەسمەکەدا جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان وەزارەتی رۆشنبیری و دەزگای ئاسایشدا.
لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاند ئاسایش هێزێک نییە بۆ ترساندن، بەڵکو هێزێکە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاوڵاتییان و رەواندنەوەی ترسی هاوڵاتییان. وتیشی ئەرکی دەزگای ئاسایشە ئەندامانی هێزەکانیان بە جۆرێک رابهێنن کە لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ هاوڵاتییاندا هەستی متمانە و رێز لەنێوان هاوڵاتیی و هێزی ئاسایشدا بەهێزتر بکەن.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا هەر چەندە لەم ساڵانەدا زۆر هەوڵ دراوە بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری ئاستی رۆشنبیری لەناو ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان، بەڵام پێویستە لەمەودوا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و دامەزراوەکانی دیکە بە پلان و بەرنامەی نوێوە کاربکرێت بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری ئاستی رۆشنبیری هێزەکان و باشترکردنی مامەڵەی هێزەکان لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، چوونکە ئاسایشی وڵاتەکەمان ئەو کاتە بەهێزتر دەبێت کە هەموو خەڵک خۆیان بە هاوکار و پشتیوانی هێزە ئەمنییەکان بزانن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو