سبەینێ دابەشكردنی مووچەی مانگی چوار دەستپێدەكات

کوردستان 10:55 AM - 2026/05/12

چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ سێ شەممە، بڕی تەواوكاری مووچەی مانگی چوار بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و سبەی دەست بە دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران بكرێت.

دوای ئەوەی، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی یەك شەممە، زیاتر لە 50 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی تەسلیمی بەغداد كرد، هەر هەمان رۆژ تەیف سامی وەزیری دارایی حكومەتی فیدڕاڵ، ئیمزای لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كرد، نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە واتا "دوێنی" بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، بڕی 663 ملیار و 805 ملیۆن دینار وەك بەشێك لە تەمویلی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق.

بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ سێ شەممە بڕی تەواوكاری مووچە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەت و لەگەڵ گەیشتنی تەواوی تەمویلی مووچەو وەرگرتنی پارەكە لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق، راستەوخۆ خشتەی مووچە رادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان  دەكرێت. 

لەهەرێمی كوردستان رۆژی 12ی نیسانی ئەمساڵ دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران و مووچەخۆران كراو رۆژی 14ی نیسان كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی ئەو مانگە هات، پێشبینیش دەكرێت ئەم مانگەش هاوشێوەی پێشتر لەسێ‌ رۆژدا تەواوی مووچە خۆران مووچەی مانگی چوار وەربگرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو