ئیسرائیل: پێش دەستپێكردنی مۆندیال هێرشدەكەینەوە سەر ئێران

عیراق 10:23 AM - 2026/05/11

 میدیاكانی ئیسرائیل خشتەی كاتیی هێرشێكی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ ئەمریكا بۆ سەر تاران بڵاودەكەنەوە و ئاماژە بەوە دەكەن ،لە ئەگەری شكستهێنانی دانوستانەكان، هێرشەكە پێش دەستپێكردنی مۆندیالی 2026 ئەنجام دەدرێت.

ئیال زەمیر سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سوپا لە حاڵەتی ئامادەباشی دەستبەجێدایە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو جەنگی دژ بە ئێران.

بەپێی زانیارییەكانی كەناڵی ئای 24 نیوزی ئیسرائیلی ، سوپا چەند هەفتەیەكە لە دۆخی ئامادەباشیدا ماوەتەوە و  پێشبینی دەكرێت بەهۆی سەرقاڵی دۆناڵد ترەمپ بە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی چین لەم هەفتەیەدا، هیچ كردەوەیەكی سەربازی روونەدات، بەڵام خشتە كاتییەكە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەر هێرشەكە ئەنجام بدرێت، لە نێوان كۆتایی رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو تا پێش دەستپێكردنی یارییەكانی مۆندیال لە 11ـی حوزەیرانی 2026 دەبێت.

بەپێی  راپۆرتە میدیاییەكان، جیاوازییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران گەورەن، هەر بۆیە باس لە ئەنجامدانی هێرشێكی كورت و بەئازار دەكرێت. ئامانجی سەرەكی لەم هەنگاوە سەربازییە، ناچاركردنی ئێرانییەكانە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و قبووڵكردنی مەرجەكان.

تەئكید لەوەش كراوەتەوە ،هێرشەكە تەنیا لە لایەن ئەمریكاوە نابێت، بەڵكو بە هەماهەنگی و هاوكاری تەواوی نێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جێبەجێ دەكرێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە دواین لێدوانیدا  رایگەیاند، وەڵامی ئێران بۆ پێشنیارەكەی واشنتۆن بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە جەنگ، بە هیچ شێوەیەك وەرنەگیراوە و قبووڵكراو نییە.
ئەم هەڵوێستەی ترەمپ دوای ئەوە هات كە میدیاكانی ئێران رایانگەیاند، تاران لە ڕێگەی نێوەندگیری پاكستانەوە وەڵامی خۆی تەسلیمی ئەمریكا كردووە، بەڵام كۆشكی سپی بە وەڵامێكی نەرێنی و ناتەواو ناوی بردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو