بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە دەڵێت، سەروەریی وڵات بە دژایەتی پێكهاتەكانی سوریا بەدی نایەت، بەڵكو لە بەرەنگاربوونەوەی دەستێوەردانی دەرەكیدا بەدی دێت، جیاكاری لە نێوان پێكهاتەكان میراتی دەسەڵاتی بەعسە و پەراوێزخستنی پێكهاتەكان دەبێتە هۆی دروستبوونی دووبەرەكی.
لەبارەی ناڕەزایەتییەكانی ئەمدوایەی شارەكانی رۆژئاوای كوردستان بەرامبەر بە كردەوەكانی حكومەتی كاتیی سوریا لەوانە سڕینەوەی زمانی كوردی لەسەر تابلۆی دامودەزگاكان، فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ، لە پۆستێكدا لە ئێكس پەیامێكی بڵاوكردەوە.
شامی ئاماژەی بەوەكردووە، ناوچەكانی عەفرین، كۆبانێ و دێرك ناوچەی كوردین، جیاكاری لە نێوان پێكهاتەكان میراتی بەعسە، سەروەریی راستەقینە نابێت دژی پێكهاتەكانی سوریا بێت، بەڵكو دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی دەستێوەردانی دەرەكیدا بێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، سەروەریی كورد و سریانییەكان لە رێگەی زمانەكەیانەوە بەدی دێت، وەك چۆن سەروەریی ئەوانی تریش بە زمانەكەی خۆیان بەدی دێت.
تەئكیدی لەوەشكردەوە، هەر پەراوێزخستنێكی پێكهاتەكان دەبێتە هۆی دروستبوونی دووبەرەكی، بۆیە هەر جووڵانەوەیەكی ناڕەزایەتی دژی بیری پەراوێزخستن كارێكی رەوایە.