ژمارەی كوژراوانی ئەو هێرشەی كە بنكەیەكی پۆلیسی لە پارێزگای خەیبەر پختونخوا لەباكووری رۆژئاوای پاكستان كردە ئامانج، گەیشتە 12ئەفسەری پۆلیس كە كوژراون و هەشت كەسی تریش بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پۆلیسی پاكستان بڵاویكردووەتەوە،هێرشەكە شەوی شەممە لە ناوچەی بەنوو لە نزیك سنووری ئەفغانستان روویداوە، كە خۆكوژێك ئۆتۆمبێلێكی پڕ لە تەقەمەنی لە نزیك خاڵێكی پشكنین تەقاندەوە و بەهۆیەوە تەواوی بیناكە داڕماوە و دەیان كەسیش كەوتونەتە ژێر داروپەردووەكانەوە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشكردووە،دەستبەجێ دوای بۆردومانەكە لەنێوان چەكداران و هێزە ئەمنییەكان پێكدادان روویداوە و زیاتر لە دوو سەعاتی خایاندووە، لەو ماوەیەدا هێرشبەرەكان دۆشكە و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان بەكارهێناوە.
لای خۆیەوە بەرپرسێكی بەشی بەڕێوەبردنی فریاكەوتنی پاكستان رایگەیاند، دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشی لە سەرجەم نەخۆشخانەكان ڕاگەیەندراوە، بریندارەكانیش گواستراونەتەوە بۆ یەكەكانی چاودێری چڕ، ئەمەش لە كاتێكدا ترسی ئەوەی هەیە ژمارەی كوژراوان بەرزبێتەوە بەهۆی سەختی بەشێك لە برینەكانەوە.