بەپێی چەند وێنەیەك كە لە مانگە دەسكردەكانەوە وەرگیراوە، نزیكەی 80 هەزار بەرمیل نەوت لەدورگەی خارگەوە رژاوەتە ئاوەكانی كەنداو و نازانرێت بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە بووە یان بەهۆی هێرشی ئەمریكا بۆسەر دوورگەكە.
ئاژانسی ئاسۆشێتد پرێس لە مانگە دەستكردەكانەوە چەند وێنەیەكی نیشانداوە كە پەڵەیەكی نەوت لە كەنداو دەردەكەوێت لەلای رۆژئاوای دوورگەی خارگەوە سەرچاوەی گرتووە، كە وێستگەی سەرەكیی هەناردەكردنی نەوتی خاوی ئێرانە، لەو بارەیەوە ئامی دانیال، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ویندوارد پەیوەست بە زانیاریی دەریایی، مەزەندە دەكات نزیكەی 80 هەزار بەرمیل نەوت لە دوورگەی خارگەوە دزەی كردبێتە نێو كەنداوەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتایییەكان و وێنە نوێیەكان، پێدەچێت نەوتە رژاوەكە كاریگەری لەسەر وشكانی دانەنابێت، بەڵام رەنگە كاریگەری لەسەر ژینگەی دەریا دانابێت.