لەعیراق دابینكردنی سووتەمەنی بۆ كەشتییەكان بەڕێژەی 53% دابەزیوە

عیراق 09:47 AM - 2026/05/10

پاشەكشەی بەرچاوی جووڵەی بازرگانی و داخستنی گەرووی هوورمز، بووەتە هۆی كەمبوونەوەی خواست لەسەر سووتەمەنی كەشتییەكان لە بەندەرەكانی عیراق و گۆڕینی رێڕەوی كەشتیوانی بۆ وڵاتانی تر .

پرۆسەی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ كەشتییەكان لە بەندەرەكانی عیراق لە مانگی نیسانی رابردوودا پاشەكشەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. ڤینایاك خارمالی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای سی كراون رایگەیاند، قەبارەی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ كەشتییەكان لە عیراق لە مانگی نیساندا بۆ نزیكەی حەوت هەزار  تۆن دابەزیوە، لەكاتێكدا لە مانگی ئاداردا 15 هەزار  تۆن بووە.

ئەمەش بە واتای دابەزینی 53% دێت كە هۆكارەكەی بۆ جووڵەنەكردن و راوەستانی هاتوچۆی كەشتییەكان بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمزو كاریگەرییەكانی جەنگ دەگەڕێتەوە. بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمپانیاكانی كەشتیوانی هێشتا ترسیان هەیە سەبارەت بە سەلامەتی ڕێڕەوەكانی دەریاوانی دوای وەرگرتنی سووتەمەنی.
ئەم دۆخە وایكردووە زۆرێك لەكۆمپانیاكان كارەكانیان رابگرن تا ئەو كاتەی سەقامگیری بۆ جووڵەی گواستنەوەی دەریایی دەگەڕێتەوە، چونكە نادڵنیایی لەناوچەكەدا كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بڕیارەكانیان دروست كردووە.

تێكڕای نرخی سووتەمەنی كەشتییەكان لە بەندەری بەسرە لە ماوەی مانگی نیساندا دابەزیوە و گەیشتووەتە 999 دۆلار بۆ هەر تۆنێك. ئەم نرخە بەراورد بە مانگی پێشووتر بڕی 42 دۆلار كەمی كردووە، كە ئەمەش رەنگدانەوەی كەمبوونەوەی خواست و ئەو دۆخە نائاساییەیە كە لە بازاڕەكانی وزەی ناوچەكەدا دروست بووە.

ئەم پاشەكشەیەی عیراق هاوكاتە لەگەڵ دابەزینی گشتی خواست لەسەر سووتەمەنی كەشتییەكان لە بەندەرە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە فوجیرە و دوبەی.
هۆكارەكە بۆ خاوبوونەوەی جووڵەی كەشتییەكان لە گەرووی هوورمز دەگەڕێتەوە، كە وای كردووە بەشێك لە خواستەكە لە بەندەرەكانی ناوچەكەوە بەرەو بەندەرەكانی ئەفریكا، هیندستان و سریلانكا بگوازرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو