لە سلێمانی ژن و پیاوێک بەتۆمەتی ئەشکەنجەدانی دوو منداڵ دەستگیرکران

کوردستان 07:43 PM - 2026/05/05


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیوان ژن و پیاوێکیان دەستگیرکردووە کە ئازاری جەستەیی دوو منداڵی تەمەن 4 ساڵ و 8 ساڵانیان داوە.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس زانیارییان پێگەیشت کە دوو منداڵ لەلایەن باوک و باوەژنەکەیانەوە ئەشکەنجە دەدرێن، بەسەرپەرشتی ئەفسەری بنکەی سەیوان و بە بڕیاری دادوەر، چوونە شوێنی ڕووداوەکە و هەردوو تۆمەتبار (ع، م، م) لەدایکبووی 1992 کە باوکی منداڵەکانە، لەگەڵ (س، س، ع) لەدایکبووی 2001 کە باوەژنی منداڵەکانە و بەڕەگەز عەرەبن، دەستگیرکران.

لە ئێستادا باوکی منداڵەکان بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 29 لە یاسای چاودێری نەوجەوانان ڕاگیراوە. تۆمەتباری دووەم کە باوەژنەکەیە، بە دەستەبەری دارایی ئازادکراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.

سەبارەت بە دۆخی تەندروستی منداڵەکان، پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، هەردوو منداڵەکە سپێردراون بە "خانەی بێسەرپەرشتان" بۆ پاراستنی ژیانیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو