قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ تیمی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمدا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بەرچاوڕوونی پێدان لەبارەی سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی بۆ هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی سیاسەتی یەکێتی لە بەغدا کرد و ئاماژەیدا بە پێگەی بەهێزی یەکێتی و رایگەیاند یەکێتی بەغدا وەک قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستان دەبینێت و وەک هێزێکی کاریگەر لەلایەکەوە هەوڵ دەدات کێشەکانی هەرێم و بەغدا چارەسەر بکات و لەلایەکی دیکەشەوە کار دەکات بۆ ئەوەی لەڕێی داڕشتنەوەی سیاسەتەوە بەشدارییەکی کاریگەری هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشە جۆراوجۆرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق.
وتیشی یەکێتی بەم سیاسەتە ژیرانەی کە رەچاوی کردووە نەک تەنها چیتر هێزێک نییە پەراوێز بخرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە بۆ هەموو پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکانی عێراق و ناوچەکە حیساب بۆ سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی دەکرێت.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەیدا بە کۆسپەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم و رایگەیاند یەکێتی لەسەر هەڵوێست و سیاسەتی خۆی پێداگرە، دەرگای گفتوگۆ و دانووستانی هەرگیز دانەخستووە، بەڵام سووریشە لەسەر هاوبەشیی راستەقینە لە حکومڕانیدا.
روونیشیکردەوە یەکێتی پێیوایە حکومڕانی بە شێوازی رابردوو سەرکەوتوو نابێت لە پاراستن و پێشخستنی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆ و کێشەکانیشمان لەگەڵ بەغدا. هەربۆیە یەکێتی پێداگرە لەسەر راستکردنەوە ڕێڕەوی حکومڕانی و بەهێزکردنی پێگەی دامەزراوەکان و هاوبەشی راستەقینە لە حکومڕانیدا.
جەختیشی کردەوە ئەم سیاسەتەی یەکێتی تەنها لەبەر یەکێتی خۆی نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنەکانە بە خودی پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە. چونکە تەنها بە هاوبەشیی راستەقینە و بە بەهێزکردنی دامەزراوەکان دەتوانرێت ئاسەوارەکانی دوو ئیدارەیی نەمێنێت و هەر کەسێک لە هەر پۆست و پێگەیەکدابێت هەم دەسەڵاتی پێویستی لە هەموو کوردستاندا دەبێت و هەم بەرامبەر بە هەموو خەڵکی کوردستان بەرپرسیار دەبێت.