ترەمپ پێشنیاری ئێران بۆ رێككەوتنی هەمیشەیی ئاگربەست رەتدەكاتەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەزگای پەخشی ئیسرائیلی(كان) رایگەیاند ،پێداچوونەوەی بە پێشنیاری نوێی ئێران بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كردووە و بە قبووڵنەكراو وەسفی كردووە.دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێكەوتنەكەدا وتی: من لێكۆڵینەوەم لە پێشنیارە نوێیەكەی ئێران كردووە و بەلامەوە قبوڵكراو نییە، راشیگەیاند،ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت.
تاران لە رێگەی نێوەندگیری پاكستانەوە پێشنیارێكی 14 خاڵیی پێشكەش واشنتۆن كرد، كە بریتی بوون لە:خشتەی كاتی 30 ڕۆژە بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕ و پێكدادانەكان و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە دەوروبەری ئێران و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەكانی ئێران،ئازادكردنی سەروەت و سامانی بلۆكراوی ئێران.
ترەمپ رۆژێك پێش چاوپێكەوتنەكە لە ترووس سۆشیال نوسیبووی : بەم زووانە پێداچوونەوە بەو پلانەدا دەكەم كە ئێران تازە بۆی ناردوین، بەڵام ناتوانم بیهێنمە پێش چاوم كە قبوڵكراو بێت، چونكە تا ئێستا باجێكی زۆریان نەداوە.
شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران لە 28 ی شوبات دەستیپێكرد و ئاگربەستێكی كاتی لە هەشتی نیسانەوە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، تا ئێستاش تەنها یەك خولی دانوستان لە نێوان هەردوولادا ئەنجامدراوە، ئەویش لە ئیسلام ئاباد.