كەشتییەكان لە رێڕەوە ئاوییەكانی جیهان رووبەرووی مەترسی دەبنەوە لە لایەك رێگە نادرێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن و كاتێكیش دەیانەوێت بە كەناراوەكانی سۆماڵدا تێپەڕببن ، لەلایەن چەتەكانی دەریاوە هێرشیان دەكرێتە سەر.
دەستەی ئۆپراسیۆنی بازرگانیی دەریاییی بەریتانیا،راپۆرتێكی لەبارەی رووداوێكی ئەمنی وەرگرتووە كە نزیكەی شەش میل دەریایی لە باكووری رۆژهەڵاتی گەرەكاد لە سۆماڵەوە دوورە، كە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كەسانی بێ مۆڵەت كۆنترۆڵی كەشتییەكی بارهەڵگریان كردووە و گواستویانەتەوە بۆ ئاوەكانی خاكی سۆماڵ.
دەستەكە داوای لەو كەشتیانە كردووە كە بە ناوچەكەدا تێدەپەڕن وریا بن و هەر جموجۆڵێكی گوماناویش راپۆرت بكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئاماژەكان بۆ پەرەسەندنی مەترسییەكانی چەتەی دەریایی لە كەناراوەكانی سۆماڵ لە زیادبوندایە.
ئەم پێشهاتە چەند رۆژێك دوای ئەوە دێت كە هەمان دەستە رفاندنی كەشتییەكی نەوتهەڵگر لە كەناراوەكانی سۆماڵ راگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد،كەسانی بێ مۆڵەت دەستیان بەسەر كەشتییەكەدا گرتووە و 77 میل دەریایییان بردووە بۆ ناو ئاوەكانی خاكی سۆماڵ.دوو رۆژ پێشتریش دەستەكە،رایگەیاندبوو كە 11 چەكدار كەشتییەكیان رفاندووە كە ئاڵای سۆماڵی هەڵكردووە .
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، كەناراوەكانی سۆماڵ شایەتی دابەزینی بەرچاوی چەتەی دەریایی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ساڵی 2011دا گەیشتە لوتكە، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئۆپراسیۆنە دەریاییە نێودەوڵەتییەكان و بەهێزبوونی ڕێوشوێنەكانی پاراستن لەسەر كەشتییە بازرگانییەكان.
بەڵام ڕووداوەكانی چەند مانگی ڕابردوو لەوان رفاندنی كەشتی و كەشتییە نەوتهەڵگرەكان، ترسی سەرهەڵدانەوەی چالاكیی چەتەی دەریایی لە گرنگترین ڕێگا دەریاییەكانی جیهان بۆ بازرگانی و وزە، زیندوو كردەوە.