ئێران و ئەمریكا بەردەوامن لە پێشكەشكردنی پێشنیار و مەرجەكانیان بۆ ئەنجامدانی دانوستان ،ئەمجارە تاران لە رێگەی پاكستانەوە پێشنیارێكی نوێی بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ و كردنەوەی گەرووی هوورمز ئاراستەی ئەمریكا كردووە.
ماڵپەڕی ئاكسیۆس لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكی و دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیریی وڵاتی پاكستانەوە پێشنیارێكی نوێی ئاراستەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردووە.
پێشنیارەكە بریتییە لە دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەكان بۆ قۆناغێكی تر، لە بەرامبەردا دەبێت گەرووی هوورمز بكرێتەوە و ئەمریكاش گەمارۆكانی سەر بەندەرەكانی ئێران هەڵبگرێت بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە جەنگەكە.
بەپێی زانیاریەكانی ماڵپەڕەكە، ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەگەڵ بەرپرسانی باڵاتی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی ئەنجام دەدات. تەوەرەی سەرەكی كۆبوونەوەكە بریتی دەبێت لە تاوتوێكردنی چەقبەستوویی دانوستانەكان لەگەڵ تاران و دیاریكردنی هەنگاوەكانی داهاتوو لە بەرەی جەنگدا.
رۆژی یەكشەممە، ترەمپ لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی فۆكس نیوز دڵنیایی دا كە جەنگی ئێران بەم زووانە كۆتایی دێت و ئەمریكا تێیدا سەركەوتوو دەبێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشكرد ، رێگری دەكەن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و وتی: نابێت چەكی ئەتۆمییان هەبێت، ئێمە لە چوارچێوەی دانوستانەكاندا دەست بەسەر تەپوتۆزی ئەتۆمیی ئێراندا دەگرین.
سەرۆكی ئەمریكا تەئكیدی كردەوە كە هەندێك لەو كەسانەی لە ئێران مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن عەقڵانین و هەندێكی تریان وا نین. هیواشی خواست بەرپرسانی ئێران ژیرانە رەفتار بكەن و رایگەیاند، ئەگەر تاران بیەوێت قسە بكات، دەتوانن پەیوەندی بە حكومەتی ئەمریكاوە بكەن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی.