دوای پۆستێكی ترەمپ ئیسرائیل داوای روونكردنەوە لە ئەمریكا دەكات هەرچەندە ئەمریكا و ئیسرائیل خۆیان بە هاوپەیمانی نزیكی یەكتر دەزانن و دەڵێن كار بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی یەكتر لە لوبنان و ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن، بەڵام وا دیارە ئەو دوو هاوپەیمانە خەریكە درزێك دەكەوێتە پەیوەندییەكانیانەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە ترووس سۆشیال پۆستێكی كردووە و باسی دۆخی لوبنانی كردووە، ترەمپ لەو پۆستەدا نوسیوێتی، لە ئیسرائیل قەدەغەكراوە هەر هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر لوبنان ئەنجامبدات. بەكارهێنانی وشەی (قەدەغەكراوە) تەلئەبیبی توڕە كردووەو داوا لە واشنتۆن دەكات روونكردنەوە بدات، وادیارە ئیسرائیل بابەتەكەی بەجدی گرتووەو دەڵێت ترەمپ فەرمانی بەسەردا كردووم و وڵاتەكەمی لاواز پیشانداوە .
ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاندبوو، ئیسرائیل چیتر لوبنان بۆردومان ناكات و لە لایەن ئەمریكاوە لێی قەدەغەكراوە هێرشی ئاسمانی ئەنجامبدات، روونیشی كردەوە كە ئەم ڕێبازە پەیوەست نییە بە هیچ ڕێككەوتنێكەوە لەگەڵ ئێران، واشنتۆن بە جیا لەگەڵ لوبنان كار دەكات بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی حزبوڵا بە شێوەیەكی گونجاو.