هەناردەی نەوتی عیراق لە بەندەرەكانی بەسڕەوە دەستیپێكردەوە

عیراق 09:57 AM - 2026/04/18

دوای زیاتر لە مانگێك لە وەستانی هەناردەكردن بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمز، یەكەم كەشتیی نەوتهەڵگر گەیشتە بەندەرەكانی باشووری عیراق و بارێكی نەوتی خاوی بۆ وڵاتی ڤێتنام باركرد.

بەپێی لێدوانی دوو بەرپرسی باڵای كەرتی نەوت، كەشتییەكی نەوتهەڵگر كە ئاڵای وڵاتی ماڵتای هەڵكردووە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی گەیشتۆتە یەكێك لە سەكۆكانی بەندەرەكانی باشووری عیراق و دەستی بە باركردنی نەوت كرد.

بەرپرسێكی كۆمپانیای سۆمۆش ئاشكرای كردووە، كەشتییەكە بۆ بەرژەوەندی كۆمپانیای نەوتی ڤێتنام كاردەكات. داتاكانی كۆمپانیای كێپلەریش پشتڕاستی دەكەنەوە كە ئاراستەی كەشتییەكە بەرەو ڤێتنامە. هاوكات ئاماژە بەوەكراوە ،چەندین كڕیاری تر بەڵێنیان داوە لە هەفتەی داهاتوو و مانگی ئایاردا كەشتییەكانیان رەوانەی باشووری عیراق بكەن بۆ گواستنەوەی نەوت.

ئەم جموجۆڵە نوێیەی كەناراوەكانی بەسڕە، ئومێدێك بۆ كەرتی وزەی عیراق دەگەڕێنێتەوە تاوەكو دوای زیاتر لە مانگێك لە چەقبەستوویی، دووبارە بگەڕێتەوە سەر نەخشەی وزەی جیهانی. چاوەڕوانیش دەكرێت ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی قەیرانە داراییەكانی ناوخۆی وڵات كە بەهۆی راگرتنی هەناردەوە دروست ببوون.

سەرەڕای دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت، شارەزایان پێشبینی ناكەن لە كورتخایەندا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزببێتەوە. هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كۆگاكانی نەوت لە ئێستادا هێندە پڕن كە دەتوانن پێداویستی ئەو بڕە كەمەی هەناردە پڕبكەنەوە بێ ئەوەی پێویست بە زیادكردنی بەرهەمهێنانی كێڵگەكان بكات.

لە ئێستادا زۆربەی كێڵگە نەوتییەكانی باشووری عێراق بە داخراوی ماونەتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی گشتی وڵات نزیكەی یەك ملیۆن‌و 600 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا، ئەمەش 3 ملیۆن‌و 300 هەزار بەرمیل كەمترە لەو ئاستەی لە مانگی شوباتدا تۆمار كرابوو.

.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو