كۆمپانیای مێتا هەشت هەزار كارمەند لە كارەكانیان دوور دەخاتەوە

کوردستان 01:26 PM - 2026/04/18

كۆمپانیای مێتا بەنیازە شەپۆلی یەكەمی كەمكردنەوەی هەلی كار بە شێوەیەكی بەرفراوان لە 20ی ئایاردا ئەنجام بدات و، هەشت هەزار كارمەند لە كارەكانیان دووربخاتەوە.

كۆمپانیای مێتا كە خاوەنی پلاتفۆڕمی  فەیسبووك و ئینستاگرامە، لەم خولەدا نزیكەی 10%ی هێزی كاری خۆی لە جیهاندا، واتە نزیكەی 8 هەزار كارمەند لە كارەكانیان دووردەخاتەوە. مارك زوكەربێرگ بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە سەدان ملیار دۆلار دەخاتە وەبەرهێنانی زیرەكی دەستكردەوە، لەكاتێكدا هەوڵدەدات بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش كارەكانی ناوخۆی كۆمپانیاكەیان لەدەوری تەكنەلۆژیاكە دابڕێژێتەوە.

كۆمپانیای مێتا كە بنكەكەی لە شاری مێنلۆ پارك لە ویلایەتی كالیفۆرنیایە، بەپێی دوایین تۆماركردن، تا 31ی كانوونی دووەم نزیكەی 79 هەزار كەسی دامەزراندووە. لە چەند هەفتەی رابردوودا، مێتا تیمەكانی لەناو بەشی تاقیگەی واقیعی خۆیدا رێكخستووەتەوە و ئەندازیارانی لە سەرانسەری كۆمپانیاكە گواستەوە بۆ رێكخراوێكی نوێ، كە ئەركی خێراكردنی پەرەپێدانی بریكارەكانی زیرەكی دەستكردی لەسەرە، كە توانای نووسینی كۆد و ئەنجامدانی ئەركی ئاڵۆزیان هەیە بە شێوەیەكی سەربەخۆ.

كەمكردنەوەی هەلی كار تەنها مێتای نەگرتووەتەوە، بەڵكو كۆمپانیای ئەمازۆنیش ئەم هەنگاوەی ناوە و  بە هەمان شێوە لە چەند مانگی رابردوودا 30 هەزار كارمەندی كەمكردووەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو