بەگوێرەی نووسراوێكی بانكی ناوەندیی عیاق، 2000 دۆلار دەدرێتە ئەو كەسانەی ئەم ساڵ بۆ حەج دەچنە سعودیە. كاروان ستونی وتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت، یەكشەممە ناوی هەموو ئەو كەسانەی ناویان گەڕاوەتەوە بۆ حەج دەدەنە بانكی دیاریكراو بۆ پێدانی دۆلارەكە لە هەرێمی كوردستان.
نووسراوەكە لە بانكی ناوەندیی عیراقەوە بۆ بانكەكان نێردراوە كە بۆ هەر حاجییەك 2000 دۆلار بە نرخی رەسمیی دابینبكەن كە بۆ هەر 100 دۆلار 132 هەزار دینارە.
كاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: "لە یەكشەممەوە بەدواداچوونی ورد دەكەین بۆ ئەوەی هەموو حاجیانی هەرێمی كوردستانیش لەو پارەیە سوودمەندبن نوێنەرمان دەنێرینە بانكی دیاریكراو".
ستوونی وتی: "هاوشێوەی پار، ئەم ساڵیش هەموو كارێك دەكەین پێدانی ئەو دۆلارە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە و یەكشەممە لیستی هەموو ئەوانەی ناویان گەڕاوەتەوە بۆ حەج دەدەینە بانكی دیاریكراو لە هەرێمی كوردستان".
نووسراوەكە واژۆی عەلی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق - بە وەكالەتی لەسەرە و دوێنێ 9ـی نیسان ئاراستەی هەریەكە لە بانكەكانی رافیدەین، رەشید، بانكی عیراقی بۆ بازرگانی (TBI)، بانكی ناسك ئیسلامی، بانكی جیهان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە پلەكانی (A-B) كراوە و داوا كراوە، هەر 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بدرێت بەو كەسانەی ئەم ساڵ بۆ حەج دەچنە سعودیە.
بانكی ناوەندی داوا دەكات، ئەوانەی دەیانەوێت ئەو بڕە دۆلارە بە نرخی رەسمی وەربگرن، لە 13ـی نیسانەوە لەو بانكانەی ناویان هێندراوە مامەڵەكانیان دەستپێبكەن.
5120 كەس ئەم ساڵ ناویان گەڕاوەتەوە بچنە حەج. كاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەڵێت، ڤیزەی هەموو ئەوانە گەڕاوەتەوە كە دەچنە حەج، ئەگەر دۆخی ناوچەكە لەباربێ 7ـی ئایار یەكەم گەشتیان بە فرۆكە بۆ سعودیە دەستپێدەكات.