وەزارەتی ناوخۆ: شەوی رابردوو چەند هێرشێكی درۆنی كراونەتە سەر ناوچە جیاوازەكانی هەرێم 

کوردستان 01:10 PM - 2026/04/10

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست، شەوی ڕابردوو چەند هێرشێكی درۆنیی كراونەتە سەر ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا جەختیكردووەتەوە: سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتاوە پاڵپشتیكردن لە ئاشتی و سەقامگیریی بووە و بەشێك نەبووە و نابێت لە شەڕ و گرژی، سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەكە، شەوی پێنج شەممە نۆی نیسانی 2026 و لە چەند كاتی جیاوازدا چەند هێرشێكی درۆنی كراونەتە سەر شوێنی جیاواز لە هەرێمی كوردستان و لە ئەنجام تێك شكێندراون و كەوتوون.

هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی دۆخەكەیان دەكرد، بەڵام بەداخەوە تیرۆیست و خراپەكاران كە چاویان بە ئارامی و پێشكەوتنی وڵاتەكەمان هەڵنایە، لە نانەوەی پشێووی بەردەوامن. وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، جەخت لە پشتگیری ئاشتی و ئۆقرەیی دەكاتەوە، داوا لەهەموو لایەك دەكات ئەو هێرشانە رابگرن و چیتر سەقامگیری و ئۆقرەیی كوردستان و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان نەكەنە ئامانج.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو