ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ وەفدێکیان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا چووبێتە پاکستان

عیراق 10:02 AM - 2026/04/10

میدیا رەسمییەکانی ئێران ئەو هەواڵانەیان رەتکردەوە کە باس لە چوونی وەفدێکی وڵاتەکەیان دەکەن بۆ پاکستان بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا.
ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵاوە بڵاویکردەوە، هیچ وەفدێکی وڵاتەکەیان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریكا نەچووەتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان.
سەرچاوەكە رایگەیاندووە: تاوەکو ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت و ئاگربەست لە لوبنان جێبەجێ‌ نەكرێت، هەروەها ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر لوبنان رانەگرێت دانوستان ناکەن.
ئەم لێدوانانەی ئێران لە کاتێکدایە کە "ئیسحاق دار" وەزیری دەرەوەی پاکستان، ئامادەیی وڵاتەکەی نیشانداوە بۆ ئاسانکاری دیپلۆماسی و رایگەیاندووە کە ڤیزەیان لەسەر وەفدەکان و رۆژنامەنووسان هەڵگرتووە.
هاوکات، بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا فڕۆکەیەکی پاکستانی بە یاوەری فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێدەکەوێت، گومانی ئەوەی لای میدیاکان دروستکردووە کە وەفدێکی باڵای ئێران لەناو فڕۆکەکەدا بن، سەرەڕای ئەوەی تاران بە رەسمی رەتی دەکاتەوە.











بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو