نرخی بەمیلێك نەوت بۆ خوار 100 دۆلار دابەزی

عیراق 01:44 PM - 2026/04/01

هەرچەندە لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئێرانەوە بەهۆی لێدوانە ناكۆكەكان و داخرانی گەرووی هورمزەوە نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردبوو، بەڵام دوای لێدوانەكانی مەسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ، نرخی نەوت بەشێوەیەكی خێرا لە بازاڕەكانی جیهان دا پاشەكشەی كرد.

وەرن با بۆتان باس بكەم ئەم سەركردانە چیان وتووە، كە وا كاریگەری لەسەر نرخی نەوت هەبووە و بە نزیكەی 15 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دابەزیووە، مەسعود پزیشكیان كە سەرۆك كۆماری ئێرانە دوێنێ‌ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ كۆستا سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا ئەنجامداوەو باسی ئەم شەڕەی كردووە، پزیشكیان لەپەیوەندییە تەلەفۆنیەكەیدا رایگەیاندووە،
  تاران ئارەزووی كۆتاییهێنان بەم ململانێیانە دەكات، بەمەرجێك داواكارییە بنەڕەتییەكان و گەرەنتییە پێویستەكان بۆ رێگریكردن لەدووبارەبوونەوەی هێرشەكان دابین بكرێن، واتە مەرجی سەرەكی ئێران دووبارە نەبوونەوەی ئەو هێرشە لە ناكاوانەی ئەمریكاو ئیسرائیلە، وەك بیریشمان بێت ساڵی رابردوو لە مانگی شەشدا بە هەمان شێوە  ئەو دوو هاوپەیمانە هێرشێكی لەناكاویان بۆ سەر ئێران ئەنجامدا و 12 رۆژی خایاند.

ئێه با بێنە سەر لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، ترەمپ لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێكدا رایگەیاندووە، رێككەوتن هەبێت یان نا، هێزەكانی ئەمریكا لەئۆپراسیۆنەكانییان لەتاران دەكشێننەوە. ئەم لێدوانانەش راستەوخۆ  بوونە هۆی گەشبینی لە ناو بازاڕە جیهانییەكاندا،نرخی نەوت كە لە 28ـی شوباتەوە بزوێنەری سەرەكیی بازاڕەكانە، ئەمرۆ بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزی  بۆ خوار 100دۆلار .

بەبڕوای شارەزایان یەكێك لەو هۆكارانەی ئەوەی ترەمپ بڕیاری كۆتایهێنان بە شەڕ بدات ئەوەیە، لەناوخۆی ئەمریكا فشارەكان بۆ دابەزاندنی نرخەكان زیادی كردووە، چونكە نرخی بەنزین بەربەستی 4 دۆلاری بۆ هەر گالۆنێك تێپەڕاندووە.



بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو