دوای 4 رۆژ بێدەنگی، ئەمڕۆ دووشەممە سوپای پاسدارانی ئێران كوژرانی عەلی رەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپاكەی پشتڕاستكردەوە، لەكاتێكدا پێشتر بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاندبوو ناوبراو رۆژی پێنجشەممە، لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەی بەندەر عەباس كوژراوە، بەڵام تاران تاوەكو ئەمڕۆ هەواڵەكەی بە رەسمی رانەگەیاندبوو.
سوپای پاسدارانی ئێران كوژرانی فەرماندەی هێزی دەریایی وڵاتەكەی، لەهێرشێكی ئیسرائیلدا بۆ سەر بەندەر عەباس پشتڕاستكردەوە، كە بەندەر عەباس گرنگترین بنكەی دەریایی و ئابووریی ئێرانە و ناوەندی سەرەكیی چالاكییەكانی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانە بۆ كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمز، كوژرانی ئەم فەرماندەیەش كاریگەریی گەورەی لەسەر توانای مانۆڕ و فەرماندەیی دەریایی ئێران لە ناوچەكەدا دەبێت.
عەلی ڕەزا تەنگسیری لە ساڵی 2018ـەوە پۆستی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی وەرگرتبوو، یەكێك بوو لە فەرماندە هەرە توندڕەوەكانی تاران و بەرپرسی یەكەمی جووڵە دەریاییەكانی ئەو وڵاتە، ناوی تەنگسیری زیاتر بە هەڕەشە بەردەوامەكانی بۆ داخستنی گەرووی هورمز و رووبەڕووبوونەوەی كەشتییە جەنگییەكانی ئەمریكا لە ئاوەكانی كەنداو بڵاوبوو.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران رۆڵێكی سەرەكی لە كۆنترۆڵكردنی ئاوەكانی كەنداو و جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنی خێرا دژی كەشتییە بازرگانی و سەربازییەكانی نەیارانی ئێران دەگێڕێت، ئەم هێزە وەك قەڵغانی سەرەكیی تاران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە دەریاییەكان و فشارخستنە سەر رێڕەوە نێودەوڵەتییەكانی وزە هەژمار دەكرێت.