نرخی ئۆنسەیەك زێڕ گەیشتە زیاتر لە 4500دۆلار

کوردستان 12:02 PM - 2026/03/30

 نرخی ئۆنسەیەك زێڕ لە دوای كردنەوەی بازاڕەكانی ئاسیا، توانی درێژە بە بەرزبوونەوەكانی پێشتری بدات و ئێستا بە زیاتر لە چوار هەزار و 520 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت هاوتەریب لەگەڵ بۆرسەی جیهانی، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی دوایین مامەڵەكان، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە  21 یەك ملیۆن و 15 هەزار  دیناری تێپەڕاندووە.

لە دوای كردنەوەی بازاڕەكانی ئاسیا، نرخی زێڕ سەرەتا رووی لە دابەزین كرد ، بەڵام ئەم دۆخە زۆری نەخایاند و دوای چەند سەعاتێك دووبارە ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر.هۆكاری دابەزینی سەرەتای بازاڕی زێڕ بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە، چونكە  لەگەڵ كرانەوەی بازاڕەكاندا نرخی نەوتی برێنت گەیشتە 115 دۆلار.
بەپێی شیكارییە ئابوورییەكان، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان، ئەمەش لە بەرژەوەندیی نرخی زێڕدا نییە.

بەرزبوونەوەی دووبارەی نرخی زێڕ بۆ ئاستی چوار هەزار و 520  دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بازرگانانی ئەم بوارە، دابەزینی نرخەكەیان بۆ ئاستی چوار هەزار و 400 دۆلار وەك دەرفەتێكی زێڕین بۆ كڕین قۆستووەتەوە. ئەم كڕینە زۆرە بووەتە هۆی ئەوەی نرخی ئەو كانزا گرانبەهایە جارێكی تر روو لە هەڵكشان بكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو